دەستەی ئاماری تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە ماوەی چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، 2.7 ملیار دۆلار بوە کە بەرێژەی 12.3% بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی 2022 کەمیکردوە.
دەستەی ئاماری تورکیا لە ئامارێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە، قەبارەی هەناردەکردنی تورکیا بۆ عێراق لە ماوەی مانگەکانی (کانونی دوەم، شوبات، ئازار)ی ئەمساڵ دو ملیار و 710 ملیۆن و 179 دۆلار بوە، لەو ژمارەیەش 866 ملیۆن و 808 ملیۆن دۆلار بۆ هەناردەکردن بوە لە مانگی (کانونی دوەم/1)، 731 ملیۆن و 758 هەزار دۆلار بۆ مانگی (شوبات/2) و بڕی ملیارێک و 112 ملیۆن و 202 هەزار دۆلاریش بۆ مانگی (ئازار/3).
ئاماژەی بەوەشکرد، هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە ماوەی چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022 بە ڕێژەی 12.3% کەمیکردوە، ئەم هەناردەکردنانەش 4.4%ی هەناردەی تورکیا بۆ جیهان پێکدەهێنن.
عێراق زۆربەی پێداویستییەکانی لە کاڵا و شتومەک لە وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت تورکیا و ئێران هاوردە دەکات، ئەمە جگە لەوەی لە چینەوە هاوردەی دەکات کە گەورەترین هەناردەکاری کاڵا و شتومەکە لە جیهاندا.