لەگەڵ دەستپێکردنی پشوی هاویندا لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق، ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران رو لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، هەندێکیان لە رێگەی ئۆتۆمبێل و هەندێکی دیکەیان لە رێگەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان بۆ چێژوەرگرتن و پشودان لە هاوینەهەواری شارەکانی ناوچەکە کە تایبەتمەندن بە جوانی سروشت کەشوهەوای فێنک، لەگەڵ بونی بەرز شاخ و بونی و کانیاو و بەنداوەکان.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی فەرمی دەستەی گشتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەی سەباح-ی راگەیاندوە، لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی هاوین و هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی پشوی هاوینە بۆ خوێندکاران لە سەرجەم پارێزگاکانی وڵات، گەشتیاران سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ چێژوەرگرتن و بەسەربردنی جوانترین کاتەکان لە ناوچە گەشتیارییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستەی گەشتوگوزار بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەوانەش دەزگا ئەمنییەکان و خزمەتگوزارییەکان، پێشوازی لەو گەشتیارانە دەکات کە لە دەرەوە و ناوەوەی وڵاتەوە دێن، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی ترەوە، جا بەئۆتۆمبێلی خۆیان بێت یان لە رێگەی کۆمپانیاکانی گەشتیارییەوە، هەمو ئاسانکارییەک لە بازگەکان و کۆنتڕۆڵی ئەمنی لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ پارێزگاکانی تر دابینکراوە بۆ ئەوەی گەشتیاران بە ئاسانی و بەبێ دواکەوتن لە کاتی خۆیدا بگەنە سەیرانگەکان.
وتەبێژی فەرمی دەستەی گشتی گەشتوگوزار باسی لەوەشکرد، “تیمە گەڕۆکەکان لە سەرجەم شار و قەزاکانی هەرێم بەردەوامن لەپرۆسەی چاودێریکردنی هۆتێل و چێشتخانە و قاوەخانە و شوێنە گەشتیاری و کات بەسەربردنەکان بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە گەشتیاران بکەن، هەروەها بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو لە بونی هەر کێشەیەک، لە بازگەکانیش ئامادەین بۆ ئاسانکاری ڕێکارەکان و ڕێبەری گەشتیاری و بڵاوکراوەکان دابەش دەکرێن”.
لایخۆیەوە ئەحمەد ئەلبەغدادی کە بەیاوەری بنەماڵەکەی لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکانی بەغداد سەردانی شاری هەولێری کردوە، رایگەیاندوە، ساڵانە چاوەڕێی دەستپێکی پشوی هاوینە و سەردانی شاری هەولێر دەکات کە چەندین ناوچەی جوانی هاوینە لەخۆدەگرێت لەوانە هاوینەهەواری سەڵاحەدین، ڕواندز و چیای کۆڕەک و دەریاچەی فێڵاو لە قەزای چومان، کە بە جوانی سروشت و نزمی پلەی گەرمی تایبەتمەندە.
ئەو گەشتیارە دەڵێت، لەگەڵ خێزانەکەی و خزمەکانی پێیان باشترە بۆ گەشتیاری و کات بەسەربردن رو لەناوچە گەشتیارەکانی هەرێمی کوردستان بکەن بەهۆی کەمی بەرچاوی تێچوی ماددی، هەروەها گەشتکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەشتیاری وا دەکات چێژوەرگرتن لەگەڵ خێزانەکانیان باشتر بێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە رۆژی جەژنی قورباندا نزیکەی 144 هەزار گەشتیار بۆ سەردانی پارێزگای هەولێریان کردوە و کۆی گشتی گەشتیارانیش بۆ سەرانسەری هەرێم نزیکەی 700 هەزار گەشتیار بوە، کە زۆرینەیان لە ناوچەی ناوەڕاست و خواروی عێراق بوە.