وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی عێراق کردووە نوێنەری هەبێت لە دانوستانە نێودەوڵەتییەکانی ئاودا، بەتایبەتی لەگەڵ تورکیا و ئێران.
کەریم سلێمان بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دوو رۆژ لەمەوبەر بەشداریکرد لە کۆبوونەوەی لیژنەیەکی باڵای ئاو لەسەر ئاستی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
وتیشی، “وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان داوای لە سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵی کرد کە نوێنەرایەتیی وەزارەتی کشتوکاڵ و سامانەکانی ئاوی هەرێم لەو لیژنانەدا هەبێت کە دانوستان لەسەر قەیرانی ئاو لەگەڵ لایەنی تورکیا یان ئێرانی یان هەر وڵاتێکی تر دەکەن”.
روونیشیکردەوە، “وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی وەڵامی حکومەتی فیدراڵییە سەبارەت بەو داواکارییەی کە پێشکەش کراوە بۆ پێویستیی هەبوونی نوێنەری هەرێم لەو لیژنانەی پێکهێنراون بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو”.