ئا: رێژەن سەردار
به‌ڕێوەبه‌ری کشتوکاڵی هه‌ڵه‌بجه ئاماژە بەوە دەکات هه‌ڵه‌بجه له‌به‌رهه‌می هه‌نارو روبەهەناردا لەئاستی کوردستان‌و عێراقدا پێشه‌نگه، ئەو دەڵێت “ئه‌مساڵ به‌رهه‌می هه‌نار به‌راورد به‌ساڵانی ڕابردوو له‌سه‌دا 50 که‌می کردوه، به‌ڵام کوالێتی لەساڵانی پێشوو زۆر به‌رزتره”.
ستار مه‌حمود، به‌ڕێوەبه‌ری کشتوکاڵی هه‌ڵه‌بجه بەڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند ساڵانه نزیکه‌ی 30 بۆ 35 هه‌زار تۆن هه‌نار له‌هه‌ڵه‌بجه به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، بەڵام ئه‌مساڵ به‌رهه‌می هه‌نار به‌گوێره‌ی به‌دواداچونه‌کانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ که‌متره له‌نیوه‌ی ساڵێکی ئاسایی، هۆکاره‌که‌شی ده‌گەڕێته‌وه بۆ ئه‌و سه‌رماو سۆڵه‌یه‌ی له‌زستانی ساڵی رابردوودا ڕووی له‌م ناوچه‌یه کرد، له سه‌ره‌تای وه‌زری به‌هاری رابردووش کاتێک دره‌خته‌کانی هه‌نار چرۆی کرد، پله‌کانی گه‌رما به‌ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاو دابه‌زی‌و شه‌پۆلێکی سه‌رمای توند ڕووی له‌ناوچەی هەڵەبجەو هەورامان کرد، ئه‌مه بووه هۆکاری ئه‌وه‌ی به‌شێک له‌باخه‌کان وشک بێت یان لاواز بێت‌و به‌رهه‌میان که‌م بێت، ئەو وتی “به‌گوێره‌ی خه‌مڵاندنه‌کانی ئێمه ئه‌مساڵ به‌رهه‌می هه‌نار به‌راورد به‌ساڵانی ڕابردوو له‌سه‌دا 50 که‌می کردوه، به‌ڵام کوالێتی هه‌ناری ئه‌مساڵ بەراورد بەساڵانی پێشوو زۆر به‌رزتره”.
له‌باره‌ی بڕی بەرهەمهێنانی هه‌نار له‌سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، به‌ڕێوەبه‌ری کشتوکاڵی هه‌ڵه‌بجه وتی “ئێمه به‌گوێره‌ی ڕووبه‌ڕی باخ که 9 هه‌زار دۆنمه خەملاندن دەکەین، کە بڕی 3 تۆن هەنار لەهه‌ر دۆنمێکدا بەرهەم دەهێنرێت، بەو پێیە ساڵانه نزیکه‌ی 30 بۆ 35 هه‌زار تۆن هه‌نار له‌هه‌ڵه‌بجه به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، به‌شێک له‌م هه‌ناره کە پلە یه‌که ده‌چێته عه‌لوه‌کانی کوردستان‌و له‌وێ ساغ ده‌بێته‌وه، به‌شێکی تری ده‌چێته عه‌لوه‌کانی شاره‌کانی ناوه‌ڕاست‌و باشوری عێراق، ئه‌و به‌شه‌شی که کوالێتی زۆر به‌رز نیه‌و وه‌ک ده‌ڵێن ڕووی بازاڕی نیه‌و لایەکی سوتەڵە، دەکرێت به‌شه‌ربه‌ت‌و روبه‌هه‌نارو دەفرۆشرێت”.
وتیشی “ئه‌مساڵ هه‌ندێک ناوچه له‌هه‌ڵه‌بجه به‌ته‌واوی به‌رهه‌مه‌کانیان که‌م بوەته‌وه، بۆیه پێشبینی ده‌که‌ین نزیکه‌ی 12 بۆ 14 هه‌زار تۆن هه‌نار به‌رهه‌م هاتبێت”.
به‌ڕێوەبه‌ری کشتوکاڵی هه‌ڵه‌بجه جەغتی لەوە کردەوە کە نزیکه‌ی 3 هه‌زار خێزان سودمه‌ندن له‌باخه‌کانی هه‌نار لەهەڵەبجەو گوندەکانی دەوروبەریدا، هەرچەندە هه‌موویان باخه‌کانیان ئابووری نییەو بچوکەو بەشی دابینکردنی بژێوی ژیانیان ناکات‌و کاری دیکەی لەپاڵدا دەکەن، ئەو وتی “ئێمه که ئاماره‌کان وه‌رده‌گرین ئه‌و که‌سه‌ی باخه‌که‌ی دوو دۆنمه‌و ئه‌وه‌ی باخه‌که‌ی 20 دۆنمه به جوتیار هه‌ژماری ده‌که‌ین، به‌گوێره‌ی ئاماره‌کان نزیکه‌ی 3 هه‌زار جوتیار له‌باخه‌کانی هه‌نار لەهەڵەبجە کار ده‌که‌ن”.
له‌باره‌ی به‌بازاڕکردنی هه‌نارو روبه‌هه‌نار، به‌ڕێوەبه‌ری کشتوکاڵی هه‌ڵه‌بجه وتی ”ئێمه ئاگادارین که هه‌ناری هه‌ڵه‌بجه، له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی کوردستان بڵاوده‌بێته‌وه‌و ده‌خرێته بازاڕه‌کانه‌وه، بەڵام هیچ زانیارییه‌کمان له‌به‌رده‌ست نیه که روبه‌هه‌نار هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی یان کوردستان بکرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕوبه‌هه‌نار له‌ناو خێزانه‌کان‌و به‌شێوازی سەرەتایی‌و بەده‌ست به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، بۆیه کۆکردنه‌وه‌ی ئامار لەمبارەوە زۆر قورسه، فرۆشتنه‌که‌شی له‌ڕێگای مارکێت‌و دوکانه‌کان ده‌بێت، به‌ڵام پشکی شێری روبه‌هه‌نار جوتیاران خۆیان ده‌یفرۆشن، له‌به‌رئه‌وه ناتوانین مه‌زه‌نده‌ی بکه‌ین چۆن‌و له‌کوێ ده‌فرۆشرێت، له‌ئێستادا ژماره‌یه‌ک کارگه‌ی ته‌کاندن‌و ئاوگرتنی هه‌نار له‌هه‌ڵه‌بجه دامەزراون، به‌ڵام ئه‌وان روبه‌هه‌نار دروست ناکه‌ن، ئاوه‌که‌ی ده‌گرن‌و دەیده‌نه‌وه جوتیاران، جوتیاران به‌رێگا کلاسیکی‌و سەرەتاییەکە ده‌یکه‌ن به‌ڕوبه‌هه‌نار”.
وتیشی ”زۆرترین بڕی روبه‌هه‌نار له‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه به‌رهه‌م دێت، پێشبینی ده‌که‌م به‌رهه‌می روبه‌هه‌ناریش له‌هه‌نار زیاتر بفرۆشرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌گه‌ر جوتیارێک زۆر لێزان‌و شاره‌زا بێت که له‌سه‌دا 40ی هه‌ناری باخه‌که به‌که‌ڵکی ئه‌وه بێت به‌فرێشی بیفرۆشێت، چونکە به‌شێکی زۆری هه‌نار بهکە‌ڵکی فرۆشتن نایه‌ت‌و ده‌کرێت به‌ڕوبه‌هه‌نار، ئه‌مه بۆ هه‌موو هه‌رێمی کوردستان به‌م شێوازه‌یه، ئه‌و هه‌نارانه‌ی که بچوکن یان لایه‌کی سوتەڵ‌و ره‌ش بووه ده‌کرێت به‌ڕوبه‌هه‌نار”.
به‌ڕێوەبه‌ری کشتوکاڵی هه‌ڵه‌بجه ئەوەی رونکردەوە هه‌ڵه‌بجه له‌به‌رهه‌می هه‌ناردا پێشه‌نگه، به‌ڵام زه‌مینه‌ی دروستکردنی باخی هه‌نار له‌هه‌موو کوردستاندا له‌باره به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی که له‌هاویندا پله‌ی گه‌رمایان زۆر به‌رزنابێته‌وه، ئەو وتی “زیاتر له 24 جۆری هه‌نار له‌هه‌ڵه‌بجه هه‌یه، بەڵام لەهه‌ڵه‌بجه خواست له‌سه‌ر هه‌ناری ساڵاخانی زۆره به‌پله‌ی یه‌که‌م، به‌پله‌ی دووه‌م خواست له‌سه‌ر هه‌ناری وه‌نده‌رفوڵی ئه‌مریکییه، که قه‌ڵه‌مه‌که‌ی له‌لایه‌ن ڕێکخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه‌وه هێنرایه کوردستان‌و له‌ئێستادا بڕێکی باشی لێچێنراوه، ئه‌م دوو جۆره خواستێکی زۆری له‌سه‌ره‌و هه‌ریه‌که‌یان تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه، هه‌ناری ئه‌مریکی زووتر پێده‌گات‌و توێکڵه‌که‌ی ئه‌ستورتره‌و ده‌نکه‌که‌شی نه‌رمتره، بەڵام هه‌ناری ساڵه‌خانی دره‌نگتر پێده‌گات‌و ده‌نکه‌که‌ی ره‌قتره‌و توێکڵه‌که‌شی که‌مێک ناسکتره، به‌ڵام ئاوداترو به‌تامتره له‌هه‌موو جۆره‌کانی تر”.
له‌باره‌ی نرخی هه‌ناریشه‌وه، ئەو وتی “نرخ زیاتر لای بازرگانانی علوه‌کانه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه ئاگادار بین کیلۆی به‌هه‌زار دینار تاکو 2 هه‌زار دینار ده‌فرۆشرێت، به گوێره‌ی جۆری هه‌ناره‌که نرخەکە ده‌گۆرێت، باشترین جۆری هەنار کیلۆی به 2 هه‌زار دیناره، حکومه‌تی هه‌رێم هه‌نگاوی زۆر باشی ناوه بۆ کردنی هه‌ناری هه‌ڵه‌بجه به‌براندێکی جیهانی‌و بڕیاره بڕێکی زۆر هه‌ناری هه‌ڵه‌بجه هەناردە بکرێت بۆ ئیمارات‌و ساڵانه‌ش به‌پشتیوانی حکومه‌تی هه‌رێم ڤیستیڤاڵی هه‌ناری هه‌ڵه‌بجه به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به به‌ردوامی له‌هه‌وڵداین هه‌ناری هه‌ڵه‌بجه بکه‌ینه براندێکی جیهانی”.