هاوڵاتییانی عێراق زیاترین گەشتیان بۆ ئێران کردوە

ئەنجومەنێکی گەشتیاریی ئاشکرای دەکات زیاترین گەشتیار لە عێراقەوە سەردانی ئێرانی کردوە و رێژەی گەشتیش بۆ ئەو وڵاتە بەرز بوەتەوە.

ئەنجومەنی جیهانی گەشتیاری بڵاوی کردەوە؛ رێژەی چونی گەشتیاران بۆ ئێران لە ساڵی 2022 زیاتر لە 39% بەرز بوەتەوە و داهاتەکەشی نزیکەی یەک ملیارد دۆلار بوە.

بە پێی ئامارەکانی ئەنجومەنەکە 55%ی سەرجەم ئەو کەسانەی گەشتییان بۆ ئێران کردوە لە عێراقەوە بون و بەوەش لە ریزبەندنی یەکەم وڵاتدا بون کە زۆرترین هاوڵاتیی بە مەبەستی گەشت رویان لە ئێران کردوە.

ئەنجومەنەکە ژمارەی گەشتیارانی عێراقی بۆ ئێران بڵاو نەکردوەتەوە بەڵام پێشتر هاشم دەریاباری، سەرپەرشتیاری ناوەندی چاودێریی دەرمان و چارەسەریی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاندبو ؛ لە ساڵی 2022 یەک ملیۆن و 223 هەزار و 896 کەس بۆ چارەسەری تەندروستیی رویان لە ناوەندە پزیشکی و نەخۆشخانەکانی ئێران کردوە.

ئەنجومەنی جیهانی گەشتیاری ئاماژەی بەوە کردوە؛ ساڵی رابردو گەشتیارانی بیانی لە ئێران زیاتر لە شەش ملیارد دۆلاریان خەرج کردوە کە 97.9%ی بە مەبەستی بەسەربردنی کات و گەشتیاریی بوە و 2.2%ی مەبەستی گەشتەکان بازرگانیی بوە.

دوای عێراق 12% گەشتیارانی ئێران هاوڵاتیی تورکیا و ئازەربایجان بون و هاوڵاتییانی پاکستان بە 5% و کوەیت بە 2% زۆرترین گەشتیاریان رویان لەو وڵاتە کردوە.

ماوەی چەند ساڵێکە هاوڵاتییانی عێراق و دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گەشت و چارەسەری تەندروستیی بەشێوەیەکی بەرچاو سەردانی ئێران و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن.