ژووری بازرگانیی ئێرانی عێراقی رایدەگەیەنێت، هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە حەوت مانگدا (21ی ئازار بۆ 20ی تشرینی یەكەم) گەیشتووەتە نزیكەی چوار ملیار دۆلار.
حەمید حسێنی، ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی ژووری بازرگانیی ئێرانی عێراقی رایگەیاند، راپۆرتەكان ئاماژە بۆ زیادبوونی هەناردەی ئێران لەڕێی دەروازە وشكانییەكانەوە بۆ عێراق دەكەن.
وتیشی، “هەناردەكردن بۆ عێراق ناوەندی مانگانەی تێپەڕاندووە كە 600 ملیۆن دۆلارە لەماوەی حەوت مانگدا و، گەیشتووەتە 647 ملیۆن دۆلار، ئەمەش بەرزبوونەوەیە لە ئاستی 420 ملیۆن دۆلاری مانگی پێشتر”.
حسێنی پێشبینی خۆیشی نیشاندا بەوەی ناوەندی هەناردەی مانگانە زیادبكات بۆ نێوان 750 تا 800 ملیۆن دۆلار لەماوەی مانگەكانی داهاتوودا.
بەپێی وتەی ئەو لەماوەی رابردوودا چاوەڕوانییەكان لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ، لاوازبوونی پەیوەندییە بازرگانییەكان لە رۆژانی رێوڕەسمی چلە و رەتكردنەوەی نرخی شمەكە بنەڕەتییەكان هۆكاربوون بۆ لاوازبوونی هەناردە.
روونیشیكردەوە، هەناردەی شمەك بەبێ ئەژماركردنی كارەبا بۆ عێراق لە ساڵی پێشوودا گەیشتووەتە 9 ملیار دۆلار.