ئا: زریان محەمەد
خاوەنی نەمامگەیەک ڕایدەگەیەنێت “دەتوانین کاربکەین بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردنی نەمامو گوڵ، چونکە بەتەواوی لەتواناماندایە لەناوخۆدا هەموو جۆرە بەرهەمێکمان هەبێت”.
ڕەنج فەرهاد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گاردنینا بۆ بەرهەمهێنانی گوڵ بەڕۆژنامەی بازرگانیو پیشەسازی ڕاگەیاند “ماوەی حەوت ساڵە ئێمە کار دەکەین، بەرهەم هێنانمان هەیە لەجۆرەکانی نەمامو گوڵ بەشیوەیەکی زانستیانەو پێشکەوتوانە ئەوانەی لەناوخۆدا هەیە بەرهەممان هێناونەتەوە، هەندێک جۆری دیکەشمان بەرهەم هێناوە کە پێویست بەوە نەکات لەدەرەوەی وڵات بهێندرێت لەناوخۆدا بەردەستە”.
راشیگەیاند “جۆرەکانی نەمامو گوڵ لەهەموو جیهاندا زۆر فراوانو گەورەیە بەتەنها یەک کۆمپانیا ناتواندرێت هەموو جۆریک بەرهەم بهێنیت، چونکە تێچونی زۆر دەبێتو جێگەی زۆری دەوێت، بەڵام دەتواندرێت بەهەموو نەمامگەکان چەندین جۆر بەرهەمی جیاوازمان هەبێت گرانبونی نرخی گوڵو نەمام لەوڵاتانی دنیاش وایکردووە کە لەناوخۆدا بەرهەمهێنان زیاتر بکرێتو پێشبینی دەکەین بۆ ساڵانی داهاتوو بەرهەمهێنان زیاتر ببێت لەناوخۆدا”.
خاوەنی کۆمپانیای گاردینیا ئاماژە بەوە دەکات جۆری گوڵی جوانیو نەمامی بچوک بۆ باخ ساڵانە پێنج ملێۆن بەرهەمدەهێنێن کە جۆرێکی تایبەتی (مەتات) بەرهەم دەهێنن بەشی ناوخۆ دەکاتو هەناردەی دەکەن بۆ ولاتانی ئێرانو تورکیا، دوو جۆری دیکەی بۆ وڵاتی هۆڵەندا دەڕوات، لەئێستاشدا بەشیوەیەکی فراوان بەنیازن لەسەر ڕوبەری زەویەکی گەورەتر بەرهەمهێنان زیاتر بکەین.
رەنج جەختی لەوە کردەوە “لەسنوری پارێزگای سلێمانی کۆمپانیای زۆرمان هەیە کاری نەمامو گوڵ دەکەنو زەوی زۆر گونجاو هەیە لەناوچەکانی شارەزورو بازیان کە دەتوانین بەرهەم هێنایان تیادا زۆر بکرێت، گەر ئەو زەویانە بدرێت بەکۆمپانیاکان بۆ بەرههەمهێنان ئەوا بەدڵنیایییەوە ئەم بڕە پارەیەی کە دەڕواتە دەرەوە بۆ کڕینی نەمامو گوڵ دەتوانین وا بکەین بڕەکەی کەم بکرێتەوە یان چیتر هاوردە نەکرێت”.
خاوەنی کۆمپانیای گاردینیا دڵنیایی ئەوە دەدات کە دەتوانن جۆرەکانی بەرهەمهێنانی نەمام لەناوخۆدا زیاتر بکەن بەجۆریک دەڵێت “ئەو سنەوبەرە بچوکانەی وەک جوانی بەکاردێت لەماڵەکاندا ماوەی حەوت ساڵە ئێمە بەرهەمی دەهێنین ئێستا بەرهەممان هێندە زۆرە پێویست ناکات لەوڵاتانی دیکەوە هاوردە بکرێت، ئێمە دەتوانین خواستی ناوخۆ پڕکەینەوە، بۆیە هەر خاوەن کۆمپانیاو نەمامگەیەک گەر کار لەسەر چەند جۆرێکی بەرهەمهێنانی نەمامو گوڵ بکەن ئەوا دەتواندرێت چەندین جۆر بەرهەم بهێنین”.
بەڕێوەبەری نەمامگەیەک ئاماژە بەوەدەکات دەتواندرێت هەموو جۆرەکانی نەمامو گوڵ لەناوخۆدا بەرهەم بهێننو شارەزای تەواویان هەیە بەڵام پێویستیان بەپشتیوانیو هاوکاری زیاتری حکومەتە.
کۆسار باقی، بەڕێوەبەری نەمامگەی کانی پانکە بەڕۆژنامەی بازرگانیو پیشەسازی ڕاگەیاند “وەک نەمامگەی کانی پانکە ساڵانە نزیکەی ٣٠ هەزار نەمامی میوە بەرهەم دەهێنین، بەڵام ئەگەر یارمەتیمان بدرێت دەتوانین ساڵانە ٢٠٠ هەزار نەمام بەرهەم بهێنینو نەمامگەکانی دیکە کە تایبەتن بەگوڵو جۆرەکانی دیکە ساڵانە بەرهەمیان زۆرە”.
راشیگەیاند “ئێمە لەتواناماندایە هەموو جۆرێک لەنەمامو گوڵ بەرهەم بهێنین، کەشوهەوا لەبارەو توانیومانە بەرهەممان هەبێت، بەڵام بۆ زیادکردنی ئەو بەرهەمانە پێویستمان بەپشتیوانی تەواوی حکومەتە لەدابینکردنی پێداویستیەکانمان بۆ زیادکردنی ڕێژەکانی نەمام”.
خاوەنی نەمامگەیەک پێی وایە لەناوخۆدا توانای تەواوی بەرهەمهێنان هەیە بەمەرجێک ئەوەی کە پێویستە دابین بکرێت بۆ خاوەن نەمامگەکان تا هەموو جۆرەکانی نەمامو گوڵ بەرهەم بهێنن.
دڵشاد عەبدوڵا، خاوەنی نەمامگەی چوارچرا بەڕۆژنامەی بازرگانیو پیشەسازی وت “ئێمە دەتوانین لەناوخۆدا بەرهەممان بۆ لەسەدا ٤٠ بەرز بکەینەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە داری جوانیە کە لەوڵاتی ئێمەدا نییە بەهۆی کەشوهەواکەیەوە ناتوانین پەروەردەی بکەین، ناچارین هاوردەی بکەین”.
وتیشی” بۆئەوەی ئێمە بتوانین بەرهەم لەناوخۆدا زیاتر بکەین، پێویستە زەوی باشو گونجاو دابینبکرێتو کارەبای ٢٤ کاتژمێری دابینبکرێت بۆ ئەوەی گوڵی ناوماڵیش بەرهەم بهێنین، دابینکردنی سوتەمەنیش پێویستە بۆ خاوەن نەمامگەکان، ئەو هۆکارانە ڕێگرن لەپێشنەکەوتنی نەمامگاکان”.
بەشیکی زۆری خاوەن نەمامگەکان داوادەکەن حکومەتی هەرێم جێگەیەکی تایبەتیان بۆ دابینبکرێت تابتوانن بەرهەمی ناوخۆی زیادبکەن و چیتر پشت بە بەرهەمی دەرەکی نەبەستن.