نوێ له‌ بازاڕی بۆرسه‌ كرایه‌وه‌ و نرخی نه‌وت به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌ڵكشا

هه‌فته‌یه‌كی نوێ له‌ بازاڕی بۆرسه‌ كرایه‌وه‌ و هه‌ر له‌ سه‌عاته‌كانی یه‌كه‌می بازاڕه‌كه‌، نرخی نه‌وت به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌ڵكشا. هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ گه‌شته‌كه‌ی جۆ بایدن، كاریگه‌ری خێرای له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌لایه‌ن وڵاتانی ناوچه‌كه‌ نییه‌ و بۆی ده‌ركه‌وت توانای به‌رهه‌مهێنانی وڵاتان سنوورداره‌ و به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز ناكرێته‌وه‌.

پێویسته‌ بوترێ له‌ سعوودیه‌ ئه‌وه‌ به‌ نافه‌رمی راگه‌یه‌نرا كه‌ وڵاته‌كه‌ توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ وه‌ك پێویست و له‌ ئاستی چاوه‌ڕوانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكادا، به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به‌رز بكاته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی dailyfx، نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له‌ نه‌وتی برێنت كه‌ به‌ 100 دۆلار و 70 سه‌نت داخرابوو، ئێسته‌ به‌ 104 دۆلار ده‌فرۆشرێت. هاوكات نرخی نه‌و‌تی تێكساسیش به 100 دۆلار ده‌فرۆشرێت.

ئه‌مه‌ریكا هه‌موو هه‌وڵێكی خۆی به‌گه‌ڕ خستووه‌ تا به‌رهه‌مهێنان به‌رز بكرێته‌وه‌ و بتوانرێ بۆشایی پێداویستییه‌كانی بازاڕ به‌ نه‌وت پڕ بكرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ وه‌ك له‌ میانه‌ی سه‌ردانی جۆ بایدن بۆ سعوودیه‌ش خرایه‌ ڕوو، زۆر نییه‌، بۆیه‌ وه‌به‌رهێنه‌ران ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ دووباره‌ بۆشایی پێداویستی نه‌وت زیاتر ببێت و ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ نرخی نه‌وت به‌رز ببێته‌وه‌.

جێی باسه‌ هه‌فته‌ی رابردوو له‌ چارتی هه‌فتانه‌یدا نه‌وت دابه‌زینی تۆمار كرد و به‌راورد به‌ هه‌فته‌یه‌ك پێشتر، نزیكه‌ی حه‌وت دۆلار كه‌می كردبوو‌. هه‌فته‌ی رابردوو كۆمه‌ڵێك هۆكار كاریگه‌رییان هه‌بوو‌ له‌ دابه‌زینی نرخی نه‌وت و گرنگترینیان ترسی وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ له‌ وه‌به‌رهێنان به‌هۆی به‌رزیی سوودی بانكی، ئه‌مه‌ش دابه‌زینی خواست و سستبوونی زیاتری ئابووری لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

هۆكاری دووه‌م پێوه‌ندیدار بووه‌ به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی قه‌باره‌ی نه‌وتی كۆگه‌كراوی ئه‌مه‌ریكا و له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا، قه‌باره‌كه‌ی نزیكه‌ی پێنج ملیۆن به‌رمیل زیادی كردووه‌.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ چین رێكاره‌كانی كه‌ره‌نتین دژی كۆرۆنای زیاتر كردووه‌ و ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا له‌و وڵاته‌ به‌ خێرایی رووی له‌ زیادبوون كردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌ واتای كه‌مبوونه‌وه‌ی جووڵه‌ی بازرگانی و ئابووری دێت، بۆیه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ریی ئه‌م رووداوه‌ نرخی نه‌وت دابه‌زیوه‌.

هێشتا نرخی نه‌وت به‌رزه‌ و گرنگترین هۆكاریش له‌ به‌رز هێشتنه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، بۆ جه‌نگی ئۆكراینا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ وایكردووه‌ ئاستی خستنه‌ڕووی نه‌وت كه‌م ببێته‌وه‌ و ئۆپیكیش نه‌یتوانیوه‌ یان حه‌زی نه‌كردووه‌ ئه‌و بۆشاییه‌ پڕ بكاته‌وه‌، له‌ دۆخێكیشدا كه‌ خستنه‌ڕوو له‌ خوارووی داخوازی بێت، ئه‌وا نرخی نه‌وت رووی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ ده‌كات.

 له‌وه‌ته‌ی 24ی شوباتی ئه‌مساڵه‌وه‌ كه‌ جه‌نگی ئۆكراینا ده‌ستی پێ كردووه‌، نرخی نه‌وت به‌رز بووه‌ته‌وه‌ و رووسیا به‌ یه‌كێك له‌ دابینكه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌وت و گاز له‌ دنیادا هه‌ژمار ده‌كرێت، بۆیه‌ ئه‌و سزایانه‌ی خراوه‌ته‌ سه‌ری وایكردووه‌، قه‌باره‌ی خستنه‌ڕووی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كاندا به‌راورد به‌ قه‌باره‌ی داخوازی، كه‌م بكات و نرخی نه‌وتیش به‌ نرخێكی به‌رز بفرۆشرێت.