یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ و نوێنەری عێراق لە ئۆپێک رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئۆپێک پڵەس رەوشی بازاڕی نەوت و هاوسەنگیی ناو بازاڕ لە پرۆسەی بڕیاردان لەبەرچاو دەگیرێت.
سەعدون موحسن، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ و نوێنەری عێراق لە ئۆپێک دەڵێت، بڕیاری ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕی نەوتدا بووەتە هۆکاری سەقامگیرکردنی بازاڕی نەوت.
نوێنەری عێراق لە رێکخراوی ئۆپێک پێشبینییەکانی خۆی بۆ نرخی نەوت بۆ ساڵی داهاتوو لەنیوان 85 دۆلار بۆ 95 دۆلار دەستنیشان کرد. راشیگەیاندووە، عێراق 11%ی کۆی بەرهەمی 43 ملیۆن بەرمیل نەوتی رێکخراوی ئۆپێک بەرهەم دەهێنێت.
سەبارەت بە رەوشی بازاڕی نەوت، سەعدون موحسن ئەوەشی خستەڕوو، سەرهەڵدانەوەی پەتای کۆرۆنا لە چین و شەڕی ئۆکراینا بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی نەوت گۆڕانکاریی خێرا بەخۆیەوە ببینێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە رۆژی 4ی مانگی داهاتوو رێکخراوی ئۆپێک پڵەس کۆببنەوە و رەوشی بازاڕی نەوت تاوتوێ بکەن.