نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، نووسراوی 400 ملیارەکە گەیشتە وەزارەتی دارایی عێراق.
ئهمڕۆ دووشهممه 19/12/2022، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، راگەیاند:”نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ خەرجکردنی 400 ملیار دیناری بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان گەیشتە وەزارەتی دارایی عێراق.”
ئاماژەی بەوەش دا: “پاش تەواو بوونی ڕێکارە ئیدارییەکان 400 ملیارەکە دەخرێتە سەر ئەژماری حکوومەتی هەرێمی کوردستان.”
لە ئەنجامی دانوستانی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، محەمەد شیاع سوودانی ڕۆژی 13ی 12ی 2022 بڕیاری دا پشکی هەرێمی كوردستان بۆ هەردوو مانگی 11 و 12 ی ئەمساڵ بنێرێت کە دەکاتە 400 ملیار دینار.