له‌گه‌ڵ كرانه‌وه‌ی هه‌فته‌یه‌كی نوێ له بازاڕی بۆرسه، نرخی نه‌وت رووی له به‌رزبوونه‌وه كرد و گه‌یشته به‌رزترین نرخ كه له‌مساڵدا تۆمار كرابێت.
به‌گوێره‌ی dailyfx نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له نه‌وتی برێنت كه له خوارووی 83 دۆلار داخرابوو، ئێسته به 85 دۆلار و 36 سه‌نت ده‌فرۆشرێت. هاوكات نرخی نه‌وتی تێكساسی ئه‌مه‌ریكاش بۆ 80 دۆلار و 70 سه‌نت هه‌ڵكشاوه.
گرنگترین هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، بۆ راپۆرتێكی هه‌فته‌ی رابردووی بانكی وه‌به‌رهێنانی گۆڵدمه‌ن ساكسی ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌و بانكه پێشبینی كردووه ئه‌مساڵ داخوازی له‌سه‌ر نه‌وتی خاو دوو ملیۆن و 700 هه‌زار به‌رمیل زیاد ده‌كات، ئه‌و زیادكردنه‌ش به‌تایبه‌تی له نیوه‌ی دووه‌می ساڵه‌كه روو ده‌دات و تا كۆتایی ساڵ نرخی نه‌وت ده‌گه‌یه‌نێته 105 دۆلار.
هۆكارێكی تری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، بۆ بڕیارێكی چین ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هه‌فته‌ی رابردوو ده‌ری كرد و دوای سێ ساڵ كه‌ره‌نتین، ده‌روازه‌كانی كرده‌وه. چین به دووه‌م گه‌وره‌ترین به‌كاربه‌ری نه‌وت له دنیادا هه‌ژمار ده‌كرێت و چاوه‌ڕێ ده‌كرێ به كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌كان، قه‌باره‌ی داخوازی نه‌وتیش به‌رز ببێته‌وه و ئه‌مه‌ش نرخی نه‌وت به‌رز ده‌كاته‌وه.
به‌های نه‌وت له نیوه‌ی دووه‌می شوباتی ساڵی 2022ه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی جه‌نگی ئۆكراینا، به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌ڵكشا و به‌گشتی له زۆربه‌ی مانگه‌كانی ساڵی رابردوودا، نه‌وت له سه‌رووی 90 دۆلار فرۆشرا و هه‌ندێك هه‌فته سه‌رووی 130 دۆلاریشی تۆمار كرد، به‌ڵام له كۆتاییه‌كانی ساڵ بۆ خوارووی 85 دۆلار دابه‌زی.