شاندێكی بازرگانی ئه‌رمینیا كه تایبه‌تمه‌ندن به بواره‌كانی ئایتیی، وزه‌ی خۆر و خوارده‌مه‌نی به سه‌ردانێك له هه‌رێمی كوردستانن. هاوكات، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ئاماژه به‌وه ده‌كات، له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌رمینیا له هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ی ئاسمانی بۆ هه‌نارده‌كردنی ئاژه‌ڵ بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌كاربهێنن.
ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه 29ـی شوباتی 2024) نه‌وزاد غه‌فوور، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، شاندێكی بازرگانی ئه‌رمینیا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه و چه‌ند كۆمپانیایه‌كی له‌خۆگرتووه، كه تایبه‌تمه‌ندن به بواره‌كانی ئایتیی، خواردهمی قووتوو و وزه‌ی خۆر و چه‌ند بوارێكی دیكه.
سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌رمینیا به‌وه ناسراوه توانای هه‌نارده‌كردنی ئاژه‌ڵی زیندووی هه‌یه بۆ ده‌ره‌وه، كه هه‌رێمی كوردستانیش یه‌كێكه له‌و شوێنانه‌ی ئاژه‌ڵی زیندووی بۆ هه‌نارده ده‌كات.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، به‌پێی بڕیارێكی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی ئێران، هه‌نارده‌كردنی ئاژه‌ڵی زیندوو به وڵاته‌كه تاوه‌كو شه‌ش مانگ راگیراوه، ئێستاش سێ مانگ به‌سه‌ر بڕیاره‌كه تێپه‌ڕیوه و سێ مانگی دیكه‌ی ماوه. گوتیشی، به‌پێی ئه‌و بڕیاره ئه‌رمینیا ناتوانێت ئاژه‌ڵ بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده بكات.
نه‌وزاد غه‌فوور هه‌روه‌ها گوتیشی، له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌رمینیا له هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ی ئاسمانی بۆ هه‌نارده‌كردنی ئاژه‌ڵ بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌كاربهێنن. روونیشیكرده‌وه، به‌ر له بڕیاره‌كه‌ی ئێران، ئه‌رمینیا مانگانه نزیكه‌ی 5000 هه‌زار سه‌ر ئاژه‌ڵی هه‌نارده‌ی هه‌رێمی كوردستان كردووه.