“نرخی گه‌نم بۆ هەرتۆنێك به‌ 850 هەزار دینار دیاری كرا”

وەزیری بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی داهاتوودا گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەر تۆنێک بە 850 هەزار دینار وەردەگرن و لە ماوەی دوو هەفتە لە ڕادەستکردنی گەنم، پارەی جووتیاران خەرج دەکرێت.

کەمال موسلیم وەزیری بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: ئەمساڵ بە هۆی ئەوەی بارانێکی زۆر باش باریوە، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان زۆر باش بێت و بە نرخێکی گونجاویش گەنمەکە لە جووتیاران وەردەگیرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمساڵ بڕیار دراوە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینار بێت و بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانیش لە ماوەی دوو هەفتەدا کە جووتیاران گەنم ڕادەستی سایلۆکان دەکەن، پارەی خۆیان وەردەگرن.

ئەوەشیخستەڕوو، لە هەرێمی کوردستان هێشتا وەرزی دروێنە دەستی پێنەکردووە بۆ وەرگرتنی گەنم، کە لە عێراق دەمێکە دەستی پێکردووە، بۆیە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا لە هەرێمی کوردستانیش دەست پێدەکات و گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت.