بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلیەکان بۆ مانگی (نیسان/4) لەشاری سلێمانی لەنێوان چوار هەزار بۆ پێنج هەزار و 500 دینارە و خشتەی پێدانی کارەبا گۆڕانکاری تێدا دەکرێت.
لەڕاگەیەندراوێکدا کارەبای سلێمانی بڵاویکردەوە، بەپێی کۆنوسی کۆبونەوەی لیژنەی دیاریکردنی نرخی مۆلیدە ئەهلییەکان، کارکردن و تەرخانکردنی کارەبا لەلایەن مۆلیدە ئەهلییەکانەوە بۆ هاوڵاتیان لە مانگی (نیسان/4)ی 2023 لە نێوان 100 بۆ 120 کاتژمێردا بوە، نرخی هەر کاتژمێرێک بۆ یەک ئەمپێر بە 45 دینار دیاریکراوە، بەمەش نرخی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدەی ئەهلی لە ناوشاری سلێمانی بۆ مانگی (نیسان/4) لە نێوان چوار هەزار و بۆ پێنج هەزار و 500 دینار دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، “خشتەی کارپێکردنی مۆلیدە و پێدانی کارەبا تا 15ی (ئایار/5)ی 2023 لەکاتژمێر 1:00ی ـی پاشنیوەڕۆ بۆ کاتژمێر 1:00ی شەو دەبێت و دواتر لە کاتژمێر 7:00 بۆ کاتژمێر 8:30 خولەکی سەرلەبەیانی مۆلیدەکان کارەبا بۆ هاوڵاتیان دابیندەکەن، تەنها لە رۆژانی هەینی نەبێت کە لە کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆوە کارەبا دەدەن بە هاوڵاتیان”.
ئەوەشخراوەتەڕو، “لیژنەی دیاریکردنی نرخی مۆلیدە ئەهلییەکان، لە کۆنوسەکەدا جەختیان لەوە کردوەتەوە کە لەکاتی کوژاندنەوەی کارەبای نیشتیمانی نابێت کارپێکردنی مۆلیدە و پێدانی کارەبا بەهاوڵاتیان لە 10 خولەک زیاتر بخایەنێت، بەپێچەوانەوە سەرپێچییە و خاوەن مۆلیدەکە سزا دەدرێت”.