ئەمڕۆ هەینی 11ی شوباتی 2022، نرخی نەوت لەجیهاندا گەیشتە بەرزترین ئاست لەماوەی حەوت ساڵی رابردودا و نرخی نەوتی برێنت بە 95.15دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئاوێنه: ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، هۆکاری بەرزبونەوەی بەهای نەوت بۆ سەروی 95 دۆلار پەیوەندیدارە بە بونی مەترسی لەسەر وزەی جیهان بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان روسیا و ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا، ئەوەش وایکردوە خواست لەسەر نەوت زیاتر ببێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هۆکارێکی دیکەی بەرزبونەوەی نرخی نەوت بۆ وتارەکەی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا دەگەڕێتەوە کە رایگەیاندبو ئابوریی ئەمریکا بەردەوامە لە بەهێزبونەوە و بەرگەی بەرزکردنەوەی سودی بانکی دەگرێت.
بەهای نەوت لە 71 دۆلار و 52 سەنتەوە لە رۆژی دوشەممە 20ی کانونی یەکەم، ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 95.15 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. ههروهها نهوتی خاوی تێكساسیش گهیشته 93.52 دۆلار.
هاوکات ئەمڕۆ ئاژانسی وزەی جیهانی بڵاویکردەوە، کەمبونەوەی نەوتی کۆگاکراو بەڕێژەی 355 ملیۆن بەرمیل و پێداگری وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت ناسراو بە ئۆپیک پڵەس بۆ زیادنەکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەهۆکارەکانی بەرزبونەوەی خواستن لەسەر نەوتن.
هەروەها هۆکارێکی دیکەی بەردەوامی بەرزبونەوەی نرخی نەوت بۆ بەرزبونەوەی خواست لەسەر سوتەمەنی دەگەڕێتەوە لەسەر ئاستی جیهان، سەرەڕای تەشەنەکردنی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام بڵاوبونەوەی ئەو جۆرە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبوەتە هۆکار بۆ راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی بەرفراوان.