نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرزبووەوە و زێڕ دابەزی

نرخی نەوت جارێکی دیکە دەستی بە بەرزبوونەوە کرد، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت زیاتر لە دۆلارێک بەرزبووەوە، بەڵام نرخی زێڕ دابەزی، هەر ئۆنسە زێڕێک نزیکەی 12 دۆلاری نرخەکەی لەدەستدا. 
 
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەکاتێکدایە دوێنێ سێشەممە دابەزینێکی بەرچاوی تۆمارکرد و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ خوار 98 دۆلار دابەزی، دواتر لە کۆتاییەکانی رۆژەکەدا کەمێک بەرزبووەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16-3-2022 نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 101 دۆلار و شەش سەنتە، نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش بە 97 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
لە بەیانیی رۆژی دووشەممە 14ـی ئادارەوە تاوەکو ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت زیاتر لە 10 دۆلار دابەزینی بەخۆوە بینیوە. هۆکاری دابەزینی نرخی نەوتیش بەشێکی دەگەڕێندرێتەوە راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ لە بەشێک لە شارەکانی چین بەهۆی سەرهەڵدانی گۆڕاوی ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ئەو یاریکردنەی بازاڕی نەوت بەشێکی سەرەکیشی پەیوەندی بە کێشە جیۆسیاسییەکانی رووسیا و ئۆکراینا و هێرشی رووسیایە بۆسەر ئەو وڵاتە کە ئەمڕۆ پێدەنێتە رۆژی 20ـەمەوە.
نرخی زێڕ
نرخی زێڕ بەراورد بە رۆژانی رابردوو بەردەوامە لە دابەزین. ئەمڕۆ چوارشەممە هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 1918 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا کە بەراورد بە رۆژی رابردوو نزیکەی 12 دۆلار دابەزیوە.
نرخی ئۆنسەیەک زیویش گەیشتە 24 دۆلار و 99 سەنت کە بەهەمانشێوە نرخەکەی دابەزیوە.
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 147 هەزار و 350 دیناری عێراقی
یۆرۆ – دۆلار 1.09 EUR/USD
پاوەند – دۆلار 1.30 GBP/USD
دۆلار – یەن 118.203 USD/JPY
دۆلار – لیرە 14.70 USD/TRY
یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 26 هەزار و 500 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی 109.50 روبڵی رووسی

 

 

س:ڕووداو