نرخی نه‌وت گه‌یشته‌ سه‌رووی 85 دۆلار

هه‌فته‌یه‌كی نوێ له‌ بازاڕی بۆرسه‌ كرایه‌وه‌ و له‌ سه‌عاته‌كانی یه‌كه‌می ئه‌م بازاڕه‌ش، نرخی نه‌وت رووی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ كرد.

له‌ میانه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی بازاڕی بۆرسه‌، نرخی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت بۆ نزمترین ئاستی ئه‌م مانگه‌ی دابه‌زیبوو، به‌ڵام له‌ دوو رۆژی كۆتایی هه‌فته‌كه‌ هه‌ڵكشا و ئه‌مڕۆیش دیسان درێژه‌ی به‌ هه‌ڵكشان داوه‌.

به‌گوێره‌ی dailyfx نرخی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت گه‌یشتووه‌ته‌ 85 دۆلار و 38 سه‌نت، هاوكات نرخی نه‌وتی تێكساسی ئه‌مه‌ریكاش به‌ 81 دۆلار و 89 سه‌نت ده‌فرۆشرێت.

ماوه‌یه‌ك بوو پاشه‌كشه‌ی بازاڕه‌كانی چین و ئه‌و ئامارانه‌ی له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ڵاوسان و دابه‌زینی به‌رهه‌مهێنانی كاڵا بڵاو ده‌كرایه‌وه‌، كاریگه‌ریی خستبووه‌ سه‌ر بازاڕی نه‌وت و له‌ نرخه‌كه‌ی دابه‌زاندبوو، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و هۆكاره‌ كاریگه‌ریی هه‌یه‌ له‌وه‌ی نه‌وتی كه‌متر بێته‌ كڕین، به‌ڵام ئاماره‌كانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ ئه‌مه‌ریكا كه‌ باس له‌ دابه‌زینی به‌رهه‌مهێنان ده‌كه‌ن وایكردووه‌ نرخی نه‌وت زیاتر به‌رز ببێته‌وه‌.

چالاكییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌ریده‌خه‌ن، بۆ چه‌ندان هه‌فته‌ی له‌ دوای یه‌ك له‌و وڵاته‌ ژماره‌ی ئه‌و بیرانه‌ی نه‌وت كه‌م بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ نه‌وتیان لێ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، ئه‌مه‌ش به‌ واتای دابه‌زینی خستنه‌ڕووی نه‌وت دێت كه‌ كاریگه‌ریی بۆ هه‌ڵكشانی نرخی نه‌وت ده‌بێت.

به‌گشتی ئه‌وه‌ی هۆكار بووه‌ له‌وه‌ی نه‌وت له‌وه‌ زیاتر به‌رز نه‌بێته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار روو له‌ دابه‌زین بكات، پێوه‌ندیداره‌ به‌ سستبوونه‌وه‌ی بازاڕه‌كانی چین، له‌و وڵاته‌ هه‌ڵاوسانیش زۆر دابه‌زیوه‌ و هه‌مووی ئه‌و هۆكارانه‌ش وایانكردووه‌ بازاڕه‌كه‌ پاشه‌كشه‌ بكات و داخوازی بۆ كڕینی نه‌وت كه‌م ببێته‌وه‌.