ئا: زریان محەمەد
لەئێستادا نرخی قوماش لەبازارەکانی جیهاندا گران بووە، ئەمەش کاریگەری کردوەتە سەر بازاڕی جلوبەرگی ئامادەکراو لەفرۆشگاکانو نرخ بەرز بوەتەوە، بازرگانێکی قوماش دەڵێت “بەرزبونەوەی نرخی نەوتو کەمی بەرهەمە سەرەتاییەکان وایکردووە قوماش گران بێت”.
عەتا حاجی رەجەب، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانیو بازرگانی قوماش بەڕۆژنامەی “بازرگانیو پیشەسازی” وت “لەئێستادا نرخی قوماش بەڕەێژی ٣٠% گران بووە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبونەوەی نرخی نەوت کەوا دەکات تەواوی بەرهەمە پیشەسازیەکان گران بێت، تەنها لەعێراق لەبەرئەوەی بەرهەمی پیشەسازی تێدا کەمە بوینەتە وڵاتێکی بەکاربەر نەک بەرهەمهێن، نرخی نەوت کاتێک گران دەبێت قوماش گران دەبێت، هەروەها لۆکەو خوریو هاوکات ماددەی پۆلیستەر کە لەنەوت دروست دەکرێت قوماشی پێ بەرهەم دێت گران بووە”.
وتیشی “هاوردە کردنی قوماش بەزۆری لەوڵاتی چینەوە دەکرێتو لەوڵاتی هندستانو ئەندەنوسیاو تایوانو تایلەند هاوردەی قوماشی ژنانو پیاوان دەکرێت”.
عەتا حاجی رەجەب ئاماژە بەوەش دەکات کە نرخی قوماش بەڕێژەی ٣٠% گران بووە، ئەگەر قوماشێک پار ساڵ هەر مەترێکی بە ٨ دۆلار بوبێت ئێستا بوەتە ٩ دۆلارو ٢٠ سەنت، ئەمەش بۆبازاڕو فرۆشتن کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بازاڕ”.
ئەم بازرگانەی قوماش ئەوەشی رونکردەوە کە هاوردەکردنی قوماش بۆ هەرێمی کوردستان زۆرە، بەتایبەت قوماشی ئافرەتان زۆرترە لەبەرئەوەی خواست لەسەری زۆرەو نرخیشی هەرزانترەو هاوڵاتیان گرنگی بەدورینی جلوبەرگیش دەدەن وەک ئەوەی کە جلی ئامادەکراو بکڕن.
نرخی جلوبەرگی ئامادەکراو لەوڵاتانی بەرهەمهێنەر گران بووە بەهۆکاری بەرزبونەوەی نرخی قوماش، ئەوەش وایکردووە لەئێستادا نرخی جلوبەرگی ئامادەکراو لەبازاڕەکانی کوردستان بەرزبونەوە بەخۆیەوە ببینێت.
زریان سیروان، یەکێک لەبازرگانانی هاوردەکردنی جلوبەرگی ئامادەکراو بەڕۆژنامەی “بازرگانیو پیشەسازی” وت “وڵاتی تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین جلوبەرگی ئامادەکراوی تیادا دروست دەکرێت، ئێمەش لەوێوە جلوبەرگ هاوردە دەکەین، لەئێستادا دەوترێت نرخی لیرە دابەزیوە دەبێت جلوبەرگ هەرزان بێت، بەڵام بەپێچەوانەوە لەکاتی ئامادەکردنی جلوبەرگدا پێویستیان بە بەرهەمی سەرەتایی هەیەو ئەو بەرهەمانە لەدەرەوەی تورکیا هاوردە دەکرێتو بەدۆلار مامەڵەیان پێوە دەکرێت”.
وتیشی “وڵاتی تورکیا گەر قوماش هاوردە نەکات ئەوا پێویستی بە بەرهەمی سەرەتایی دروستکردنی قوماشە کە ئەوەش لۆکەیە، هەرچەندە تورکیا خۆشی پەموو لۆکە بەرهەم دەهێنێت، بەڵام هێشتا بەشی ناکاو لۆکەش هاوردە دەکات لەوڵاتی پاکستانەوە، هاوکات ماوەی دوو ساڵیشە وڵاتی چین لۆکەی پاکستان دەکڕێت بەهۆی کەمی لۆکە لەوڵاتەکەی، ئەمەش وایکردووە نرخی بەرهەمە سەرەتاییەکان دوو هێندە زیاد ببێت بەراورد بەساڵی ڕابردوو”.
زریان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات “لەماوەی دوو مانگدا لەوڵاتی تورکیا نرخی هەر تیشێرتێک یەک دۆلارو ٣٠ سەنت زیادی کردووە، سەرەتای مانگی دەی ٢٠٢١ لەوڵاتی تورکیا تیشێرتم کڕیوە بە ٥ دۆلار، بەڵام سەرەتای مانگی دوازدەی ٢٠٢١ نرخی ئەو تیشێرتە بووە بەشەش دۆلارو ٣٠ سەنت، پێدەچێت ئەو نرخانەش زیاتر بەرز ببنەوە”.
ئەوەش ڕوندەکاتەوە دابەزینی بەهای لیرەی تورکی وایکردووە نرخی تەواوی کاڵاکان لەتورکیا گران بێت، هاوڵاتیان بەدەست زیادبونی باجو گرانبونی نرخی خۆراکو هۆکارەکانی گواستنەوە گیرۆدەن، بەرزی نرخی بەهای دۆلار وایکردووە هەموو پێداویستیەکانو دەستی کاریش گرانبێت لەوڵاتی تورکیا”.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان چەندین جۆری جلوبەرگ بەکوالێتی جیاجیا خراونەتە ڕوو، کڕیاران هەریەکەیان بەپێی خواستی خۆیان دەیانکڕن، کە نرخەکانیان بەپێی کوالیتیان جیاوازە.
ئەو وتی “ساڵانی ڕابردوو هاوڵاتیان خواستیان لەسەر کوالێتی باشی قوماش بوو، بەڵام ئێستا بەپێچەوانەوە کێشەیان نییە، کوالێتی چۆن بێت تەنها کەمێک ڕەونەقی هەبێت، دەڵێن بۆ دوو سێ جارە لەبەری دەکەین، بۆ پارەیەکی زۆری پێبدەین لەم قەیرانەدا”.
بەشێکی زۆری کاسبکارانو بازرگانانی جلوبەرگی ئامادەکراو لەوڵاتی تورکیاوە زۆرترین جۆرەکانی جلوبەرگ دەهێننە هەرێمی کوردستان، گرانبونی هەرجۆرە کاڵایەک لەو وڵاتە کاریگەری دەبێت لەسەر کڕیاران لەناوخۆی هەرێمی کوردستان.
بەشێک لەبازرگانان خوازیارن کە حكومەتی هەرێم هاوکاریان بێتو پشتیوانی مادییان بکات لەهێنانی کارگەی دروستکردنی قوماش بۆ کوردستان، لەبەرئەوەی ساڵانە پارەیەکی زۆر دەڕواتە دەرەوە بۆکڕینی قوماش، ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر ئابوری هەرێم هەبووە.
عەتا حاجی رەجەب، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانیو بازرگانی قوماش ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵانە بەملیۆنەها دۆلار دەچێتە دەرەوە بۆ کڕینی قوماش، چینو هیندستانو تورکیا سەرچاوەی ژیانی هەموو کوردستانن بۆ قوماش، ئەو وتی “ئەگەر ئەو کارگانە بهێنینە کوردستان کە قوماش دروست دەکەن، داهاتێکی باش بۆ کوردستانو حکومەت دەگەڕێتەوە، دیارە لەئێستادا ناتوانین ئەو کارگانە بهێنین چونکە پێویستی بەتێچونێکی زۆر هەیە، هیوادارم لەچەند ساڵی داهاتودا بەهاوکاری حکومەت ئەوکارگانە بهێنینە هەرێمی کوردستان، چونکە داهاتێکی باش دەگەرێتەوەو هەلیکاری زیاتریش بۆ هاوڵاتیان دەڕەخسێت”.