بەهۆی خستنەبازاڕی بڕێكی زۆر لە دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە، بەهای ئەو دراوە ئەمریكییە بەرامبەر بە دیناری عێراقی دابەزی و هەر 100 دۆلار بڕی نزیكەی 2000 دینار لە بەهاكەی لەدەستدا.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لەكاتی كردنەوەی بازاڕی دۆلارەكە، نرخی 100 دۆلار بە 148 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرا، بەڵام لەكاتی دوانیوەڕۆدا نرخەكەی دابەزی.
ڕاشیگەیاند، بەهۆی ئەوەی بانكی ناوەندی بڕێكی زۆری دۆلاری خستە بازاڕەوە، بەهای دۆلار دابەزی و ئێستا 100 دۆلار بووە بە 146 هەزار و 400 دینار.
ئاماژەی بەوەشكرد، نرخی 100 دۆلار بە 5 ملیۆن و 150 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەكرێت.
ئەمڕۆ بانكی ناوەندی جیاواز لە ڕۆژانی پێشوو، بڕی 210 ملیۆن 586 هەزار دۆلاری خستە بازاڕەوە، كە 32 ملیۆن و 300 هەزار دۆلاری بە كاش و 178 ملیۆن و 286 هەزار دۆلاری بە حەواڵە بوو.