ئا: ڕێژه‌ن سه‌ردار
وته‌بێژی بازاڕی دۆلاره‌كه‌ی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت ”نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دیناری عێراقی جێگیر ده‌بێت، چونكه بانكی ناوه‌ندی عێراق ١٠٠ دۆلار به ١٤٦ هه‌زار دینار دهفرۆشێتو ناكرێت جیاوازیه‌كی زۆر له‌نێوان نرخی فهرمیو نرخی بازاڕدا هه‌بێت”
جه‌بار گۆران، وته‌بێژی بازاڕی دۆلاره‌كه‌ی سلێمانی‌و شاره‌زای بواری ئابوری به‌ڕۆژنامەی ”بازرگانی‌و پیشه‌سازی” راگه‌یاند نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دیناری عێراقی جێگیر ده‌بێت، ئەو وتی “هۆكاری ئه‌و ناسه‌قامگیرییه‌ی له‌چه‌ند رۆژی رابردووه ڕووی له‌بازاره‌كانی دراو كردووه، كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕی فرۆشتنی دۆلار بوو له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندی عێراقه‌وه، پێشتر بانكی ناوه‌ندی رۆژانه ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری ده‌فرۆشت، به‌ڵام ئه‌م ماوه‌یه ئه‌و بڕه‌ی كه‌م كردووه، تاكو ئێستا هۆكاره‌كه‌ی دیار نیه بۆ كه‌م كراوه‌ته‌وه، بانكی ناوه‌ندی عێراق ١٠٠ دۆلار به ١٤٦ هه‌زار و ٥٠٠ دینار ده‌فرۆشێت، ناكرێت جیاوازیه‌كی زۆر له‌نێوان نرخی فهرمیو نرخی بازاڕدا هه‌بێت، چونكه كاتی خۆی بڕیاردرا ١٠٠ دۆلار به ١٤٦ هەزار دینار بفرۆشرێت به ١٤٧ هه‌زار دینار له‌بازاڕه‌كاندا مامه‌ڵه‌ی پێوه بكرێت”.
وتیشی ”هۆكاری دووه‌م بۆ به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر دیناری عێراقی بریتیه له‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌بانكه ئه‌هلیه‌كان خراونه‌ته لیستی ڕه‌شه‌وه، ئێستا ئه‌و بانكانه ناتوانن دۆلار بفرۆشن ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری به‌رچاوی هه‌یه”.
وته‌بێژی بازاڕی دۆلاره‌كه‌ی سلێمانی مەبەستی لەو سزایانە بوو کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە بەسەر ژمارەیەک بانکی ئەهلیو کەسی عێراقیدا سەپێنراون بەهۆی هاوکاری بازرگانی‌و مامەڵەکردنیانەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا.
له‌باره‌ی ده‌نگۆی بردنه ده‌ره‌وه‌ی دۆلار، جەبار گۆران ئاماژه‌ی به‌وه كرد له‌ماوه‌ی رابردوودا كار زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه كرا به‌های دۆلار دابه‌زێنرێت بۆ ١٣٥ هه‌زار دینار یان ١١٨ هه‌زاره‌كه‌ی جاران، ئەو وتی ” ئەم پلانە ئهجندایەکی ده‌ره‌كی له‌پشته‌وه بوو، قسه‌ی زۆر له‌سه‌ر كرا‌و واژۆی په‌رله‌مانتارانی بۆ كۆكرایه‌وه، به‌ڵام بهرزبونەوەی نرخی دۆلار پشتیوانی‌و باکگراو‌ندێكی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ بانكی نێودهوڵهتیو سندوقی دراوی نێودهوڵهتیو بانكی فیدراڵی ئه‌مریكا كراوه، مەسەلەکە ئەوە نییە دۆلار دەڕوات بۆ دەرەوەی عێراق، ده‌كرێت دۆلار‌و پاره بڕواته ده‌ره‌وه، هه‌میشه ئاڵوگۆڕی پاره له‌نێوان وڵاتاندا هه‌بووه‌و ده‌بێت”.
وتیشی ”له‌ئێستادا تمه‌نی نه‌قدی له‌بازاڕه‌كانی كوردستاندا زۆر زۆر دابه‌زیوه‌و له‌خوار نرخی حهواڵهوهیه، جاران حه‌واڵه گرانتر بوو لهتمەنی نەقدیو ئێستا پێچەوانە بوەتەوە، له‌به‌رئه‌وه‌ی تمەن بەگشتی خواستی زۆر زۆر كه‌می له‌سه‌ره، تمه‌نی نه‌قدی لهحهواڵه هه‌رزانتره، له‌ئێستادا خواست له‌سه‌ر تمه‌ن هەر نیه تاكو ئێرانییه‌كان بێن تمه‌ن بفرۆشن‌و دۆلار به‌رنه‌وه بۆ ئێران”.
له‌باره‌ی ڕه‌وشی ئابوری ئێستای عێراق لەبەرژەوەندی دیناردایە یاخود بەپێچەوانەوە، وته‌بێژی بازاڕی دۆلاره‌كه‌ی سلێمانی وتی ”له‌ئێستادا یه‌ده‌كی بانكی ناوه‌ندی عێراق زۆر زیادی كردوه، بانکی ناوەندی عێراق ١٢٤ تۆن یه‌ده‌گی ئاڵتونی هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر دیناری عێراقی نیه، هێشتا نرخی نه‌وتیش به‌رزه، ته‌نها مانگی رابردوو عێراق به به‌های ١١ ملیار دۆلار نه‌وتی فرۆشتوه، كه ئه‌مه‌ش زۆر زۆره بۆ عێراق، پشتیوانی كردن له‌به‌های دینار له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندی عێراقه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆیه من پێم وانیه به‌های دۆلار لەمەی ئێستا به‌رزتر بێته‌وه‌و هێشتا هێزی دۆلاری ئه‌مریكی ئه‌وه‌دنه نیه، بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر به به‌رزی بمێنێته‌وه، بۆیه من پێموایه ئه‌گه‌ر بانكی ناوه‌ندی وەک رۆژانی پێشتر دۆلاری زیاتر بفرۆشێت به‌های دۆلار داده‌به‌زێت”.
له‌باره‌ی كاریگه‌ی بارودۆخی سیاسی بۆ سه‌ر بازاڕی دراو، جەبار گۆران وتی ”بارودۆخی سیاسی‌و پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌های دۆلار ده‌بێت، له‌ئێستادا عێراق له‌ریزبه‌ندی یه‌كه‌می وڵاتانی عه‌ره‌بییه بۆ گه‌شه‌ی ئابوری‌و له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئاسته‌نگه ئابورییه‌كان پله‌ی دووهه‌می هه‌بووه، دۆخی ئابوری عێراق زۆرباشه‌و بەرەو باشتریش هەنگاو دەنێت، دۆخی سیاسیش به به‌راورد له‌گه‌ڵ مانگه‌كانی ڕابردوو زۆر باشتره، ئه‌گه‌ر بانكی ناوه‌ندی عێراق وەک پێشتر دۆلاری زیاتر بفرۆشێت‌و بخاتە بازاڕەوە، بەدڵنیایی بەهاری دۆلار بەرامبەر بەدینار داده‌به‌زێت”.