حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا لەبارەی یاسای نەوت و گازەوە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و ناکۆکییەکانیان بەردەوامە، پەرلەمانتارێکی پێشووش دەڵێت، “ئەوەی هەرێم دەیەوێت عێراق نایەوێت و بەپێچەوانەشەوە”.
لەوبارەیەوە، شێرکۆ جەودەت ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند، “پێشتر دوو جار هەوڵدراوە بۆ یاسای نەوت و گاز و رێککەوتن لەسەری یەکێکیان لە ساڵی 2007 و ئەوی تریان لە ساڵی 2011 بووە، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام”.
سەبارەت بە هۆکاری ناکۆکییەکان شێرکۆ جەودەت باسی لەوە کرد کە ناکۆکییەکان لە چەند لایەنێکەوەن یەکێکیان شێوازی گرێبەستەکان، حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەوەدایە کە گرێبەستەکە بەشێوەی خزمەتگوزاری و هاوبەشی بێت.
لەم جۆرە گرێبەستەدا کۆمپانیای گرێبەست لەگەڵدا کراو دەبێتە بەشێک لە فرۆشتنی نەوت و گاز واتە، دەبێت پشکی هەبێت لەگەڵ حکومەتدا و بەشێکی قازانج بۆ کۆمپانیاکە دەڕوات، شێرکۆ جەودەت نمونەی بە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان هێنایەوە و دەڵێت، “کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە گرێبەستەکاندا پشکیان هەیە و رێژەی %56ی قازانجی فرۆشتنی نەوت بۆ کۆمپانیاکانە”.
لە بەرامبەردا عێراق دەیەوێت لە یاسای نەوت و گازدا گرێبەستەکان بەشێوازی خزمەتگوزاری جێگیر بکرێت، بەپێی وتەی شێرکۆ جەودەت، “ئەم جۆرە گرێبەستە تەنها خزمەتگوزارییە و کۆمپانیاکان تەنها حەقدەست وەردەگرن و هاوشێوەی فەرمانبەری حکومەتن و هیچ پشکێکیان نابێت”.
لەبارەی ئەوەی کام لەو جۆرە گرێبەستانە باشترە، وتی، “هەردوو جۆرەکە لایەنی باش و خراپیان هەیە و چۆنێتییەکەی ىڕیار دەدات”.
شێرکۆ جەودەت ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە یەکێکی دیکە لە ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر یاسای نەوت و گازەوە، پرسی داهاتی نەوت و گازە.
باسی لەوە کرد، حکومەتی عێراق دەیەوێت داهاتی فرۆشتنی نەوت و گاز ناوەندی بێت و بگەڕێتەوە بۆ ناوەند، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت داهات بەپێی پارێزگاکان بێت و داهاتی نەوت و گازی هەرێم بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
جەختیکردەوە، لەگەڵئەوەی لێکنزیکبوونەوە لە کۆبوونەوە و دانوستانەکانی هەردوولادا لەبارەی ئەو یاسایەوە هەیە، بەڵام رێککەوتنیان ئاسان نییە و ئەگەریشی کەمە لە ماوەیەکی نزیکدا.
یاسای نەوت و گاز داوایەکی دەستوورییە و لە دەستووری عێراقدا جێگیرکراوە، یاساکە بۆ رێکخستن و بە سیستمکردنی فرۆشتنی نەوت و گازە لە عێراق و هەرێمی کوردستان.