“نانۆ” چیەو تا چەند دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی؟

 وەسفی خەلیل

مرۆڤایەیەتی هەردەم لەهەوڵدا بووە بۆ ئەوەی بتوانێت هەموو تواناکان بخاتە گەڕ به‌مه‌به‌ستی ئەوەی بەختەوەری بۆ هەمووان بێنێتەدی، ئەوەی کراوە به‌دیاریکراوی لەخزمەتی مرۆڤایەتی بووبێت شورشی پیشەسازی بووه‌ لەئه‌روروپا لەسەدەکانی شازدەو هەڤدە، بێگومان ئەوە سەرەتایەکی پرشنگدار بووه‌، بەڵام هەوڵەکان نەوەستاو تا ئێستا بەردەوامە، ئەوەی ئەمڕۆ دەیبیستین لەبارەی تەکنەلوجیایەکی تازە بەناوی “نانۆ” زۆر خەڵکی لای خۆمان پێی نامۆن، لێرەدا مەبەستمانە لەبارەی ئەم تەکنەلۆجیایە بدوێین بەشێوەیەکی سادەو ساکار، بەڵام هیوادارین لەئایندەدا خەڵکانی پسپوڕ لەبواری کیمیاو فیزیاو بایەلۆجی‌و ئەندازیاری تەنانەت پزیشکیش زیاتر کۆڕو کۆبۆنەوەو لێکۆڵینەوەی زانستی ئەنجام بدەن‌و لەگەڵ سەرمایه‌دارانی وڵات هەنگاو بنێن بۆ پراکتیزەکردنی ئەم زانستە نوێیە.

تەکنەلوجیای نانۆ بەئینگلیزی پێیدەوترێ (Nanotechnology) كارى سەرەکی توێژینەوەو چاودێری مادە دەکات لەقەبارەی 1 تا 100 نانۆمیتەر (نانۆمەتریان نانۆیەکەی پێوانەی درێژییە، زیاتر لەزانستی کیمیادا بەکاردێت بۆ پێوانەی گەردیلە، یەک مەتر بەرانبەر بەیەک ملیار نانۆمه‌تر.
ئەم تەکنەلۆجیایه‌ لەهەموو پسپۆرییە جیاجیاکانی زانست بەکاردێت لەڕێگه‌ی پەیرەوکردنی ئەم تەکنەلۆجیاشەوە دەتوانرێت داهێنانی ناوازە لەمادەدا بکرێت بەشێوەیه‌ک بتوانرێت ببێتە خاوان توانایەکی بەهێ و کاریگەرتر.

نانۆ چۆن دۆزرایەوە؟
سەرەتای دۆزینەوەی زۆر لەپێش بەکارهێنانیەوەیە، لە29ی دێسەمبەری 1959 لەکۆبونەوەیەکی کۆمەڵەی فیزیاویەکانی ئەمریکا لەپەیمانگای کالیفۆرنیا بۆ تەکنەلۆجیا لەلایەن (ریچارد فینمان) یەکێک لەگەوره‌ زانا فیزیاویەکانی ئەمریکا لەبابەتێکدا باسکرا لەژێر ناونیشانی “ڕوبەڕیکی پێویست لەبنه‌ڕه‌تداهەیە There’s Plenty of Room at the Bottom” لەو باسەدا ڕونی کردۆته‌وه‌ کە دەتوانرێت دەسکاری گەرد بهجيا لەگەردیلە بكرێت، دواى دە ساڵ زانایەک بەناوی (نوریو تانیگوتشی) ئەمریکی ئامێرێکی مآیکرسکۆبی زۆر پێشکەوتوو وردی دروستکرد، بۆ یەکەمجار ناوی لێنا نانۆ تەکنەلۆجی، بەهۆی (Scanning Tunneling Microscope) دەتوانرا بەباشی یەکە ورديلەکانی گەرد ببينرێت.

سودەکانی تەکنەلۆجیای نانۆ چییە؟
تەکنەلۆجیای نانۆ سوودێکی بەرچاوی هەیە لەزۆر لەبوارەکانی ژیان کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر بواری تەکنەلوجیاو پیشەسازی وەک تەکنەلۆجیای زانیاری (ئای تی)، پزشکی، وزە، ژینگە، ئاسایشی نیشتمانی، پاراسننی خۆراک‌و زۆر بوارەکانی تر، بەدەسکاری کردنی پێکهاتە وردیلەکانی پەیکەری مادە وا رێکدەخرێت بەشێوەیه‌ک بگونجێت بۆ ئەنجامادانی کاری تایبەت.

لەوانە زیاد کردنی چالاکی مادە سەرەڕای ئەوەی کێشی کەم دەبێت، پتەوتر دەبێت‌و پێکهاتەکەی کارلێکه‌ریی‌و یه‌کگرتوی زیاتر دەبێت، زۆرێک لەو بەرهەمانەی کە بەکاردیت بۆ کاری ڕوژانەمان لەدروستکردنیان پشت بەم تەکنەلوجیایە دەبەستن، وەک ئەو توێژاڵەی شاشەی کومپیوتەر دادەپۆشێ بەسوود وەرگرتن لەتەکنەلۆجیای نانۆ دروست کراوە. هەروها کامێراو چاویلکەو شوشەی پەنجەرەو ڕوپوش کردنی گەلێک ڕوی تەنی تر لەهەمانکات بەرگری بۆ ئاو زیاد دەکات، دژی تیشکدانەوە کاردەکات‌و به‌رگری لەتیشکی سەرو وەنەوشەیی‌و ژێرتیشکی سوور زیاد دەکات، بەرگری بۆ لێکخشاندن زیاد دەکات‌و گونجاوترە بۆ گەیاندنی کارەبا لەهەمانکاتدا، لەبوارە جیاجیاکانی پێداویستی ژیانی ڕۆژانە بەکاردێت، وەک به‌کارهێنانی بۆ دروست کردنی جلوبەرگ. لەلایەکی تر (نانۆی زنک ئۆکساید) بەکاردێت بۆ دروست کردنی توێژاڵی نەبینراو بۆ پاراستن لەتیشکی خۆر کە پارێزەرە لەتیشکی سەروی وەنەوشەیی. جۆریکی تری بەکاردێت بۆ لەناوبردنی بەکتریا، ڕێگری لەگواستنەوەی نەخوشی يەکێکه‌ لەکارە هەرە گرنگەکانی ئەم تەنەلوجیایه‌، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لەڕێی تیشکی خۆر (سولار) بەرادەی 30 تا 40% لەمڕۆدا زیاد دەکات.

ماوە ئاماژە بەو وڵاتانە بدەین کە سەرقاڵی بەکارهێنانی تەکنەلوجیای نانۆن، لەسەر ئاستی جیهان زیاتر لە 1.6 ترلیون دۆلار ته‌رخان کراوە بۆ ئەم بوارە، لەسەرویانەوە لەوڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پشکی شێری بەردەکەویت، نزیکەی 35%ی ئەو بڕە پارەیە له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ دابین ده‌کرێت، له‌دوای ئه‌مریکا وڵاتی چین دێت هەروەها کۆریای باشورو هندستان‌و به‌رازیل‌و ئه‌ڵمانیاو فەرەنسا دێن، ئەوەشمان لەبیرمان نەچێت لەم 15 ساڵەی دواییدا ته‌نها ئەمریکا 20 ملیار دۆلاری تەرخان کردوە لەتویژینەوەی ئەم بوارەداو توانیویانه‌ زیاتر لە 440 داهێنان تۆمار بکەن، 100 داهێنان لەکۆریای باشور، 96 لەژاپۆن، 55 لەتایوان، 18 لەئه‌ڵمانیا، 17 لەچین، 12 لەفەرەنسا، 10 لەبه‌ریتانیا، 9 لەهیندستان، 4 لەئیتالیا. لەهەمانکاتدا ئەمریکا لەپلەی یەکەم دێت لەبڵاوکردنەوەی توێژینەوە بەتەنها خاوەنی 8657 توێژینەوەیە، چین لەپلەی دووەم دێت بە 6124 توێژینەوەو ئه‌ڵمانیا بە 2581 توێژینەوە، بەڵام وڵاتانی تر بەرێژەی کەمتر، لێرەدا دەبێ جەخت لەسەر ئەوە بکه‌ین ئەو وڵاتانەی گرنگی بەم تەکنەلۆجیا نادەن دەبێت هەمیشە بەپاشکۆیی بمێننەوە.

بەبڕوای زانای ئابوری (میشێل فول) ئەم تەکنەلوجیایە نەک تەنها لەبواری خزمەت بەمرۆڤایەتی بەکارهاتوە، به‌ڵکو بەداخەوە لەبواری چەک‌و ئامێری جەنگیش به‌کارهاتوە لەلایەن چین‌و ڕوسیاو ئەمریکاوە سوودی لێوەوەرگیراوە بۆ دروستکرنی جۆرە مێشی ڕۆبۆتێک کە تا ئیستا تەنها لەبواری پشکنین لەتواناو هێزی دوژمن بەکارهاتوە، بەڵام تا ئیستا بەتەواوی نەیتوانیوە کاری خۆی ئەنجامبدات، لە دوو ڕوەوە یەکەم بۆ مەودایەکی دوور بڕوات‌و تەقەمەنی بار بکات، مەگەر لەئایندەدا جۆرێک تەقەمەنی گونجاوی بۆ دروست بکرێت. (میشل فول) مەترسی خوی دەردەبرێ لەوەی ئەم تەکنەلۆجیایە به‌کاربێت بۆ جەنگی بایۆلۆجی، ئەوه‌ش بە ناردنی ڤایرۆسەکانی نەخۆشیی بۆ سەنگەری بەرامبه‌ر. هەرچەندە تا ئێستا ئەم جۆرە چەکە قەدەغە کراوە لەلایەن نه‌تەوە یەگرتوەکان. لەلایەکی ترەوە چاودێريکی سیاسی فەرەنسی ئاماژە بەوە دەکات ئەم تەکنەلۆجیایه‌ لەلایەن چین‌و روسیاوە لەساڵی2009وه‌ بەکاردێت بۆ پێشخستنی چەکەکانیان، بەتایبه‌ت دوای جەنگی جۆرجیا، چینیەکان زیاتر سوودیان وەرگرتوە لەم تەکنەلۆجیایە بۆ پێشخستنی چەکە جەنگیەکانی بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی ئەمریکاو هاوپەیمانەکەی ژاپۆن، لەڕووی تەکنەلوجیای جەنگیەوە بەسوود وەرگرتن لەتەکنەلۆجیای نانۆ.

بەمەدا بۆمان دەردەکەوێت ئەم تەکنەلۆجیایە ئه‌وەی خه‌یاڵی زانستی بوو کردی بە کردارێکی بەرجەستە چ لەڕووی خزمەتکردنی مرۆڤ یان لەڕووی دروست کردنی چەکی ترسناک کە لەدوای چەکی ناوەکی چارەنوسی مروڤ دەخاتە مەترسییەوە.

لێرەدا ئەم پرسیانە دێنە‌ پێشەوە: ئایا ڕۆژێک لەڕۆژان بەخه‌یاڵتدا هاتوە بەپارەیەکی زۆر کەم پێداویستی خۆت دابین بکەیت لەئۆتۆمبێل‌و خانوبەرە؟ یان بەئامێریکی کۆنتڕوڵ بتوانیت ڕەنگی هەموو دارو دیوارو ئامێری دەوروبەرت بەپەنجەیەک بگۆڕیت؟ یان ڕۆژێک بیرت لەوە کردۆتەوه‌ جلوبەرگت بەهیچ شێوەیەک پەڵە بەخۆیەوە نەگرێت‌و هەمیشە پاک بێت ئەگەر لەهەر ژینگەیەکی پیسیش کار بکەیت؟ لەڕوی تەندروستیشەوە هەمیشە هەڵگری میکرۆب‌و بەکتریاو ڤایروس نەبیت‌و هەڵگری بۆنی ناخوش نەبیت بۆ هەتا هەتایە؟ ئەمەو چەندین سوودی تر لەسایەی شۆڕشی تەکنەلۆجیای نانۆ بەدەستدێت.

لەیادمان نەچێت ئەم تەکنەلۆجیایه‌ خەریکە لەبواری پزیشکی شۆڕشێکی گەوره‌ بەرپا دەکات، جۆرە دەرمانێک دروست دەکرێت بە بەکارهینانی تەکنەلوجیای نانۆ تەنها کار لەسەر ئەو شانانەی لەش دەکات کە هەڵگری نەخۆشییە، بێ ئەوەی زیان بەشانە ساغەکان بگەیەنێت، ئەمە خۆی لەخۆیدا بازدانێکی گەوره‌یە بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە هەروەها ئەم تەکنەلۆجیایە ڕۆڵێکی گەورەی دەبێت لەچاندنی ئەندامی تازە لە لەشی مرۆڤ بەدروست کردنی لەشانەکانی خودی نەخۆشەکە، کە کاریگەری ئەرێنی ئەبێت چونکە زۆر جار بەکارهێنانی ئەندامی لەشی کەسی تر ناگونجێت بۆ نەخوشەکەو لەشی قبوڵی ناکات، لەبواری وزەش ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە چ بەدەستهینانی بڕێکی باش‌و بەئاسانترین شێوە یان بۆ گواستنەوەی بێ ئەوەی کەمترین بڕ لەوزە لەدەست بدرێت‌و لەهەمانکات کاریگەری باشی هەیە لەگۆڕینی وزە لەجۆرێک بۆ جۆرێکی تر، هەروەها ئەم تەکنەلۆجیایە بەدوو شێوە دۆستی ژینگەیە، چ لەوەی ئاسانترین ڕێگەیە لەسوود وەرگرتن لەوزەی خۆر، لەهەمانکات بڕی بەرهەمهێنانیشی زۆر زیاترە بەراورد بەو ئامێرانه‌ی ئیستا لەبازاردا دەستدەکەوێت، بەمەش دەکرێت بڵێين تەکنەلۆجیای نانو خودی خۆی شۆڕشیکی هەمە جەشنە، هەموو بوارەکانی ژیان لەخۆدەگرێت.

لێردا تەنها پیشنیارم بۆ پسپۆرانی بواری کیمیاو فیزیاو بایولوجی‌و ئەندازیاری‌و پزیشکی ئەوەیە زیاتر سەرقاڵی ئەم بوارە بن‌و لەهەمانکات وه‌زارەتی خوێندنی باڵا هانی ئەو کەسانە بدات لەو پسپۆریانەی سەرەوە باسمان کرد، بڕۆن لەو وڵاتانە لەنزیکەوە ئاشنای ئەم زانستە بن بۆ بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر، بۆ ئەوەی ئێمەش بێبەش نەبین لەو گۆڕانکارییە گەوره‌یەی لەئایندەیەکی نزیک بەسەر جیهاندا دێت بەهۆی بڵاوبونەوەی ئەم زانستەوە.