ڕێکەوتی 2025/3/13 نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، عوبێد سلێمان، ئارام بابان، ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژوور، لە سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی نامەی لێک تێگەیشتن و کارکردنی پێکەوەیی واژۆ کرد.
پرۆفیسۆر د.کۆسار محمد، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، پێشوازی کرد لە شاندی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، بەمەبەستی ئەنجامدانی واژۆکردنی نامەی لێک تێگەیشتن و کارکردنی پێکەوەیی لەنێوان هەر دوو لادا.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، لەبارەی واژۆکردنی لێک تێگەیشتنەکەوە ڕایگەیاند: وەک هەردوو دامەزراوە لەپێناو سوودمەندبوون لە توانا و کارامەییەکان و سەرچاوەکانی یەکتر و هەماهەنگی بۆ بەرەو پێشبردنی هەرێمی کوردستان بەگشتی و پارێزگای سلێمانی نامەی لێک تێگەیشتن و کارکردنی پێکەوەییمان واژۆ کرد.
ئاماژەی بەوەشدا لە ڕێگەی نامەی لێک تێگەیشتنەکەوە دەمانەوێت پەرە بدەین بە توێژینەوەی هاوبەش لە بوارە جۆراو جۆرەکان بەمەبەستی دیاریکردنی ڕێگا چارەی زانستی بۆ چارەسەرکردن لە بوارەکانی بازرگانی و پیشەسازی.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئەوەشی ڕوون کردەوە: لەم نامەی لێک تێگەیشتنەدا دەمانەوێت لەگەڵ زانکۆی سلێمانیدا کار بکەین بۆ ئەنجامدانی خولی ڕاهێنان وۆرکشۆپ و سیمپۆزێۆم و چالاکی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا بۆ پارێزگای سلێمانی و هەرێم و عێراق، وە سوودوەرگرتن لە سەرچاوە جۆربەجۆرەکانی هەر دوو لاو گواستنەوەی کارامەی و لێهاتووی خاوەنکارەکان بۆ خوێندکارانی زانکۆ، وە سوود بینین لە پەیوەندییە ناوخۆی و دەرەکییەکان نێوان هەردوولادا بۆ پێشخستنی پیشەسازی و بازرگانی.

