ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو مەرجانەی ئاشکراکرد کە شاندی تورکیا وەک مەرجی دەستپێکردنەوەی هەنارەدەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جیهانەوە داویانە بە عێراق.
بەپێی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یەکێک لە مەرجەکانی تورکیا راگرتنی رێککەوتنی نێوان عێراق ئێران بۆ هەناردەی نەوت و گاز، بەهۆی ئەوەی تورکیا گرێبەستی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە بۆ ماوەی 50 ساڵ.
دووەم مەرجی تورکیا بۆ عێراق ئەوەیە کە داشکاندن لە نرخی نەوت بۆ تورکیا بکرێت بە بڕی 13 دۆلار لەسەر نرخی هەر بەرمیلێک کە لە هەرێمەوە هەناردە دەکرێت.
سێیەم، قەرەبووکردنەوەی ماوەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانە، هەروەها عێراق دەبێت سکاڵای دووەمی بکشێنێتەوە لە دادگای نێودەوڵەتی بۆ قەرەبووکردنەوەی عێراق لەلایەن تورکیاوە لەبری هەناردەی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2018 تاوەکو ساڵی 2022.
هەروەها مەرجێکی دیکەی تورکیا، بەردەوامبوونە لە پێدانی پارەی گواستنەوە بە کۆمپانیای بۆتاشی تورکی، بە بڕی 7 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی خاو کە لە رێگەی بەندەری جیهانی تورکیاوە هەناردە دەکرێت.
بەپێی لیژنەکە، تورکیا مەرجێکی دیکەشی هەیە کە دەبێت عێراق تێچووی نۆژەنکردنەوەی بۆریی عێراق-تورکیا لە ئەستۆ بگرێت.