ئا: زریان محەمەد
بەهۆی دروستبونی جۆرێک لەنەخۆشی لەداری زەیتوندا، بۆ ئەمساڵ بەرهەمی زەیتون لەهەرێمی کوردستان مەترسی لەسەر هەیە، خاوەن کارگەکانی زەیتون داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن ڕێنماییو زانیاری پێویست لەبارەی پاراستنی بەرهەمی زەیتون بدرێت بەجوتیارانو هاوڵاتیان، تا ئەو جۆرە نەخۆشییە کۆنترۆڵ بکرێت.
خاوەنی كارگەی زەیتی زەیتونی رانیە، سابیر رەسوڵ بەڕۆژنامەی “بازرگانی و پیشەسازی” راگەیاند كارگەكەیان دوو بەرهەم دەخاتە بازاڕەوە، یەکەمیان زەیتی زەیتونە بەڕێژەی 100% سروشتی، لەگەڵ سابوونی زەیتون، ناوبراو ئەوە روندەکاتەوە کە “لەئێستادا داری زەیتون لەسەرەتای دروستبونی گوڵدایە، بەو پێیەی بەشێکی زۆر لەجوتیاران ئاشناییان نیەو هیچ هاوکارییو ڕێنماییەک نیە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ. بۆیە ئەمڕۆ داری زەیتون لەڕەوشێکی زۆر خراپدایە، چونکە جۆرێک نەخۆشی لەداری زەیتوندا هەیە کە پێیدەوترێت لۆکە (قوتنی)، ئەمەش پێویستە دەرمانی بۆ بەکاربهێندرێت پێش ئەوەی گوڵ بکات بۆ ئەوەی بەری دارەکە نەوەرێنێت، بەمەش بەرهەمی دارەکە زیاتر دەبێت، بەڵام بەهۆی نەبونی ڕێنماییو پێدانی زانیاری بەجوتیاران لەئێستادا دار زەیتونێکی زۆر لەناوچەکەدا هەیە کە مەترسیان لەسەرەو دەبێتە هۆی کەمبونەوەی بەرهەمی زەیتون لەمساڵدا، لەکاتێکدا زۆریان لەکارگەکانی زەیتی زەیتونی کوردستان پشت بەم بەرهەمە ناوخۆییو خۆماڵییە دەبەستن”.
لەبارەی زەیتی زەیتونەوە دەڵێت “لەساڵی ڕابردوودا بەرهەمی زەیت وەک پێویست نەبوو، چونکە زەیتوون کەم ببوەوە، ئەو دار زەیتونانەی لەکوردستان لەساڵانی ڕابردوودا بڵاوکراونەتەوەو چێنراونو لەئێستادا گەورە بوون، هیچیان تایبەت نین بە بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتونو ڕۆن، بۆیە کارگەی ڕانیە بۆ دەستکەوتنی زەیتون، پشتی بەناوخۆی هەرێم نەبەستووەو ئێمە زەیتون لەبەعشیقەو دهۆکو ئاکرێ دەکڕینو دەیهێنین بۆ کارگەکەمان”.
خاوەنی كارگەی زەیتی زەیتونی رانیە، کە بەرهەمەکانی بەکوالیتی باش ناسراون لەبازاڕدا، داوا دەکات “حکومەت کار بکات بۆ ڕێنمایی کردنو پێدانی زانیاری بەجوتیارانو هاوڵاتیان کە دار زەیتونیان هەیە تا ڕێژەی بەرهەمیان زیاد بێت”.
سابیر رەسول، جەخت لەوەدەکاتەوە “كارگەكەیان دەتوانێت رۆژانە سێ تۆن سابوون بەرهەم بهێنێت، بەرهەمی زەیتونی هاوڵاتییانی سنورەكەش وەردەگرن، بەڵام جوتیاران زیاتر خۆیان زەیتونەكەیان دەكەن بەزەیتو خۆیان دەیفرۆشنەوە، لەبەرئەوە بۆ بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتونو سابوونی رانیە، زەیتوون لە شارەكانی عێراق دەكڕن.
خاوەنی كارگەی زەیتی زەیتونی رانیە ئاماژە بەوە دەکات کە باشترین جۆری زەیتون لەجۆری زەیتونی سەوزە، ئەو وتی كارگەكەمان دوو بەرهەمی تەواو سروشتی زەیتی زەیتونو سابوونی زەیتون دەخاتە بازاڕەوە، كوالێتی هەردوو بەرهەمەکەش هەم زەیتو هەم سابونەکەش زۆر بەرزو سروشتییە، خواست لەسەر زەیتەکەو سابوونەكەش هەیە، ئێستا لەشارەكانی هەرێمی كوردستان سابوونی رانیە بەچوار رەنگی جیاواز بەردەستە، كە سابوونێكی تەواو سروشتییە”.
وتیشی “سابوونەكە چەوری ناهێڵێتو كڕێشی سەریش لادەباتو بۆ هەستەوەری زۆر باشەو لە 100% سروشتییە، هەروەها بۆ زیپكەی دەموچاو باشەو رێگرە لەقژ هەڵوەڕین، ئەو سابوونە لەناوچەكەدا خواستی زۆرەو رۆژ بەڕۆژ خواستی لەسەر زیاتر دەبێت، لەداهاتوویەكی نزیكدا بەرهەمەكانمان دەبەینە شارەكانی عێراق”.
بەوتەی خاوەنی كارگەی زەیتی زەیتونی رانیە، كوالیتی زەیتی زەیتوونەكەیان بۆ خواردنو چێشتلێنان زۆر باشەو بەچەند قەبارەیەك بەردەستە، زەیتەكە بەرێژەی 100% سروشتییە، ئەو وتی “هاوكات توانیومانە هەلی كار بۆ ژمارەیەك هاوڵاتی سنوورەكە دابین بكەینو سوودیش بەجوتیارانو بەرهەمهێنەرانی زەیتوون بگەیەنین”.
بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون لەهەرێمی کوردستان، یەکێکە لەو بەرهەمانەی کە رۆژ بەڕۆژ لەگەشەکردندایە، بەپێی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئێستادا لەڕێگەی حەوت کارگەوە ڕۆژانە نزیکەی ١١٠ تۆن زەیتی زەیتون بەکوالێتییەکی زۆر باش لەناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت.
جگە لەو ناوچانەی کە بەفراوینو ساردن، تەواوی خاکی هەرێمی کوردستان بۆ چاندنی زەیتون شیاوەو دەکرێت تێیدا بڕوێنرێتو نزیکەی ١٣٥٠ جوتیاریش لەو بوارە کار دەکەن.
بەڵام بەرهەمی زەیتون تەنها لەهەرێمی کوردستان کەمی نەکردووە، وڵاتانی ئەوروپاشی گرتۆتەوە بەجۆرێک ئەو زەیتی زەیتونەی لەوڵاتانی ئەوروپاوە دێتە کوردستان نرخیان زیادی کردووە.
رێکار محەمەد، هاوردەکاری خۆراکو پێداویستی لەوڵاتانی ئەوروپا بەڕۆژنامەی “بازرگانیو پیشەسازی” وت “لەماوەی ساڵانی ڕابردودا نرخی زەیتی زەیتون هەرزان بوو، بەڵام ماوەی دوو ساڵە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا لەوڵاتانی ئەوروپاو قەیرانی جەنگی ئۆکرانیاو روسیا نرخی زەیتی زەیتون گران بووە، بەکەمی دەست دەکەوێت بەهۆی زۆری خواست لەسەری”.
وتیشی “ئێمە بەردەوام زەیتی زەیتون لەوڵاتانی ئەوروپا هاوردە دەکەین، بەڵام بەهۆی گران بونی نرخەکەیەوە لەئێستادا کەمتر هاوردە دەکرێت، چونکە لەبازاڕدا کەمتر دەفرۆشرێت لەبەرئەوەی نرخەکەی لەبازاڕو بۆرسەی جیهانی بەرزبۆتەوە”.
زەیتی زەیتون داواكاری زۆری لەسەرە لەكوردستان، خەڵكی زۆر بەكاریدەهێنن، هاوڵاتیان بەمەبەستی تەندروستیەکی باش زیاتر گرنگی بەزەیتی زەیتون دەدەن بۆ خواردنەکانیان.