دوای ئهوهی پەرلەمانی عێراق مێوانداریی عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری دارایی عێراقی كرد سەبارەت بە بڕیاری زیادكردنی نرخی دۆلار و چۆنیەتی چارەسەركردنی كاریگەرییە خراپەكانی لەسەر كۆمەڵگەی عێراقی، وەزیری دارایی ئاماژەی بۆ زەحمەتی دەسكاریكردنەوەی نرخەكە كرد، بەڵام لە چ حاڵەتێك نرخی دۆلار بە هاوشێوەی پێشوو دەگۆڕدرێت؟
جاسم عەلەوی، پەرلەمانتاری عێراق ئاماژەی كرد كە لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان وەزیری دارایی باسی سێ مەرجی كرد بۆ گەڕاندنەوەی نرخی دۆلار بۆ ئاستی پێشوو، ئەو دووپاتی لەوە كردەوە كە مانەوەی ئەو نرخەی ئێستە بەهۆی ناجێگیریی دۆخی ئابوورییە و ناكرێت ئێستە بڕیارێكی تر بۆ كەمكردنەوەی نرخی دۆلار بدرێت.
روونی كردەوە، وەزیری دارایی سێ مەرجی بۆ گەڕاندنەوەی نرخی دۆلار بۆ پێشوو دیاری كرد، ئەوانیش فەراهەمبوونی پارەیەكی باش و باشتربوونی دۆخی ئابووری وڵات، ئەوەیش دوای ئەنجامدانی چاكسازی و فرەكردنی سەرچاوەكانی داهات جگە لە نەوت و رێكخستنەوەی سیستمی گومرگی و دەروازە سنوورییەكان، هەروەها دەركردنی یاسای نوێ بۆ پاراستنی سامانی نیشتمانی وەك نەوت و كانزاكانی تریش.
لای خۆیەوە محەمەد شمەری پەرلەمانتارێكی تری عێراق وتی، تاكە رێگە بۆ گۆڕینی نرخی دۆلار و گەڕاندنەوەی بۆ نرخی پێشووی لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیران و لە پڕۆژەیاسای بودجەی نوێوە دەبێت، جگە لەوە پەرلەمان دەسەڵاتی گۆڕینی نرخی دۆلاری نییە، بۆیە دەكرێ گوشار لە حكوومەت بكرێت بۆ ئەو مەبەستە، ئەوەیش لە رێگەی رەتكردنەوەی پەرلەمانتاران بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە، ئەوەیش دوای پێكهاتنی حكوومەتی نوێی عێراق.