سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە داهاتی نێوخۆیی لە مریشك و سەوزەوات زۆر زیادیكردووە، بەڵام ئاستی بازرگانیی دەرەكی كەمیكردووە، بۆ ئەوەش ژمارەیەک هۆکار هەن.
یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان پێشتر باسیان لەوە کردبوو کە جووڵەی بازرگانی بە رێژەی 40٪ زیادی کردووە، بەڵام بە گوتەی سیروان محەممەد، “جووڵەی بازرگانی زیادی نەکردووە، بەپێچەوانەوە کەمیکردووە.” هاوکات ئاماژەی بەوە نەکرد چەندێک کەمیکردووە. گوتیشی ئەوە چەند هۆکارێکی هەیە کە بەشێکیان پەیوەندیان بە زیادبوونی بەروبوومی نێوخۆوە هەیە.
سیروان محەممەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین، نزیكەی 20 هەزار خانووی پلاستیكی هەن و بەرهەمی ساڵانەیان 200 هەزار تۆن دەبێت، تەنیا 40% لەنێوخۆدا بەكاردێت و 60%ـی دیكەی بۆ شارەكانی عێراق دەڕوات، جگە لەوە بەهۆی زۆری كێڵگەكانی پەلەوەر، بەرهەمی مریشك ئەمساڵ بۆ 180 هەزار تۆن بەرزبووەتەوە و نزیكەی 70 هەزار تۆنی لەنێوخۆدا بەكاردێت، ئەوانی دیكەی بۆ شارەكانی عێراق دەڕۆن.”
لەبارەی دابەزینی ئاستی بازرگانیی دەرەكی، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو کە بەرزبوونەوەی نرخی ماددە خۆراكییەكان لەئاستی جیهاندا بە رێژەی 30% هۆكارێكی دابەزینی ئاستی بازرگانییە.
گواستنەوەی نرخی بارەكان لە وڵاتانەوە بۆ كوردستان لەلایەکی دیکەوە کە وەکو سیروان محەممەد باسی کرد، “بە رێژەی زیاتر لە 100٪ بەرزبووەتەوە هۆکارێکی دیکەیە.” ئەو نموونەی هێنایەوە و گوتی، “بارێك خۆراك پێشتر بە دوو تاوەكو سێ هەزار دۆلار دەگەیشتە كوردستان، ئێستا بە حەوت بۆ هەشت هەزار دۆلار دەگات، ئەوەش دووبارە هۆكارێكی دیكەی بەرزبوونەوەی نرخی ماددە خۆراكییەكانە، ئەمە جگە لەو كێشە جۆراوجۆرانەی لەسەر سنوورەكان بۆ بازرگان دروست دەكرێن.”
پێشتر دارا جەلیل خەیات سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، ئەمساڵ جووڵەی بارزگانی زیادیکردووە و کەمبوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هۆکاری ئەوەن جووڵەی بارزگانی بە رێژەی 40٪ بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادبکات.
سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئاسانکاریی و هاوکارییەک بۆ هاتنی شاندی وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن و هاتنی شاندی وڵاتان بەردەوامە و هاوکاریان دەبن بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان کاربکەن.