لە ژێر چاودێریی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ زیاتر رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان لە سێكتەرە جیاوازەكان، كۆنفرانسی (Money,Investment & Women ) بە بەشداری چەندان وڵات لە هەولێر بەڕێوە دەبرێت.
بەرگەشت ئاكرەیی وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان، راگەیاند، بەچاودێریی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆنفرانسی (Money,Investment & Women ) لە هەولێری پایتەخت لە ڕێكەوتی 11 بۆ 13ی ئەیلوولی 2023 ئەنجام دەدرێت و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەو دەڵێ، “لە كۆنفرانسەكەدا چەندان وەزیر و پەرلەمانتاری وڵاتان و كەسایەتیی ئابووری و سیاسی، هەروەها وەبەرهێنەر و كەسایەتی میدیایی و كەسایەتی كە بایەخ بە كەرتی وەبەرهێنان و گەشتوگوزار دەدەن، لە وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی سعودیە و دراوسێ بەشدارن”.
ئەوەشی راگەیاند، ئامانج لەم كۆنفرانسە چۆنێتیی زیاتر پێشخستنی هەرێمی كوردستان و رەخساندنی دەرفەتی زیاتری وەبەرهێنانە لە سێكتەرە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ كۆمپانیا بەناوبانگ و گەورەكانی وڵاتانی عەرەبی و بیانی لە كوردستان، زیاتر ئاشنابوونی بەشداران بە پێشكەوتن و ئارامی كوردستان و لەباری بۆ وەبەرهێنان و پێشخستنی ئافرەتان لەو بوارانەدا.