بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، زۆربەی ئاستەنگەكانی بەردەم گەشتیاران چارەسەر كراون و لە میوانخانە و هوتێل و موتێلەکانی کوردستان لانی کەم 70 هەزار قەرەوێڵە بۆ گەشتیاران دابین کراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممه 29 حوزەیران، ئیبراهیم عەبدولمەجید وتەبێژی پێوەندییەكانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان وتی یەکێک لەو ئاستەنگانەی لەبەردەم گەشتیاران بوو شوێنی خەوتنیان بووە و بۆیەش 70 هەزار قەرەوێڵەیان دابین کردوون.
ئەو ئاماژەی دا جاران گەشتیاران زۆر دەمانەوە و دەبوو بە سەعات چاوەڕێ بكەن، خۆشبەختانە ئەوەش چارەسەر كرا، ئێستە بە كاتێكی زۆر كەم گەشتیار داخلی ناو شارەكان دەبن، ئەوەی دەمێنێتەوە ڕەنگە هەبێت لە هەندێ شوێنی گەشتیاری، خاوەنی بنكە گەشتیارییەكان هەوڵ بدەن لە ڕووی نرخەوە فرتوفێڵ لەگەڵ خەڵك بكەن، هەرچەندە ئێمە بە بەردەوامی بۆ ئەوەش لیژنەمان هەیە بەتایبەتی لە بۆنەكاندا، بەسەر بنكە گەشتیارییەكاندا دەسووڕێینەوە.
زیاتر روونی كردەوە، هەندێك جار دوو شت كێشە دروست دەكەن، ئەوانیش یەكێكیان كوالێتیی ئەو خزمەتگوزارییەیە كە پێشكەش بە گەشتیار دەكرێت، دووەمیشیان ئاستەنگی خزمەتگوزارییە.
لەبارەی ئاستەنگەكان ئەو گوتەبێژە ئاماژەی دا، ئاستەنگەكان زۆرجار ئەو خزمەتگوزارییە لە ڕووی كوالێتییەوە، لە ئاستێكدا نییە كە پێشكەش بە گەشتیار دەكرێت، هاوكات چاودێریكردنی نرخ و ڕێگرتن لەو بنكە گەشتیارییانەی كە دەیانەوێ فرتوفێڵ لە گەشتیار بكەن و بەشێوەیەكی نالۆجیكی نرخەكان بەرز بكەنەوە، بەشێوەیەكی گشتی ئەگەر گەشتیار تووشی ئاستەنگ بێت لەو لایەنەدایە، بەڵام وەك گوتم لیژنەكانمان بە بەردەوامی چاودێری دەكەن.
ئاستەنگێكی تر كە ڕووبەڕی گەشتیار دەبێتەوە، هەندێ ناوچەمان هەن زۆر شیاون بۆ گەشتوگوزار، بەڵام لە ڕووی ژێرخانەوە رێیەكەیان گونجاو نییە بۆ گەیشتن بەو شوێنە، واتە گەشتیار ئاستەنگێكی زۆر دەبینێ بۆ گەیشتن بەو شوێنانە.