ئەمساڵ چەند جارێكە لە هەرێمی كوردستان گرفتی كەمیی غازی ماڵان سەرهەڵدەدات، چەند ڕۆژێكە دووبارە لە سلێمانی گرفتەكە سەریهەڵداوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی نەگەیشتووەتە ئاستی قەیران.
ئالان جەمال، یەكێكە لە غازفرۆشەكانی سلێمانی، هۆكاری گرفتەكەی ئەمجارەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە بەشەغازی سلێمانی كەمكراوەتەوە، پێشتر ڕۆژانە غاز دەنێردرا، بەڵام ئێستا تەنها دوو ڕۆژ لە هەفتەیەكدا بەشەغازی سلێمانی دەنێردرێت.
غازفرۆشەكەی سلێمانی وتی، لەئێستادا لە هەفتەیەكدا هەر غازفرۆشێك تەنها 80 غازی پێدەدرێت، تەنها دوو ڕۆژ لە هەفتەكەدا غازیان پێدەدرێت و ڕۆژی 40 غازیان دەدرێتێ، بۆیە گرفتەكە دروستبووە.
ئالان ڕەخنەی ئەوەی هەبوو، كە لە ڕێژەی ناردنی غاز بۆ سلێمانی حسابی هاوین دەكرێت، لەكاتێكدا لە وەرزی سەرما و زستاندا غازی زیاتر لەلایەن هاوڵاتییانەوە بەكاردەهێنرێت.
سەرەڕای دروستبوونی گرفتی غازی ماڵان، بەڵام تا ئێستا نرخەكەی بەرزنەبووەتەوە و هەر بە 8 هەزار و 500 دینارە.