ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشتبەستن بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ڕێگری لە 14 بانکی عێراقی کردوە مامەڵەی دۆلار بکەن، ئەوەش وایکرد بەهای دینار جارێکی دیکە داببەزێت و 100 گەیشتە 149 هەزار و 500 دینار.
لە ڕاپۆرتەکەی ئەو رۆژنامە ئەمریکیەدا هاتوە، قەدەغەکردنەکە کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی یەدەگی فیدڕاڵی نیویۆرکەوە سەپێنراوە، بەشێکە لە سەرکوتکردنی وەرگرتنی دراوی ئەمریکی بۆ ئێران.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەمریکا زانیاریی ئاشکراکردوە کە بانکە عێراقییەکان سەرقاڵی سپیکردنەوەی پارە و مامەڵەی ساختە بون، کە ڕەنگە هەندێکیان کەسانی سزادراوی تێدابوبێت و نیگەرانییەکانی دروستکردوە لەوەی ئێران سودمەند بێت لە دۆلاری ئەمریکی.
رۆژنامەکە لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە نوسیویەتی، “ئێمە هۆکارێکی بەهێزمان هەیە بۆ ئەوەی گومان بکەین کە لانیکەم بەشێک لەو پارە سپیکراوانە لە کۆتاییدا دەتوانن سود بە کەسانی دیاریکراو یان ئەو کەسانە بگەیەنن کە دەتوانرێت دەستنیشان بکرێن، بێگومان سزاکان لە عێراقدا پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە”.
ئەوەشخراوەتەڕو، لەنێو ئەو بانکانەی لە لیستی قەدەغەکردنی ئەمریکادان هەریەکە لە (مصرف المستشار الإسلامي للاستثمار والتمويل، مصرف القرطاس الاسلامي للاستثمار والتمويل، مصرف الطيف الاسلامي، مصرف إيلاف الاسلامي، مصرف اربيل للاستثمار والتمويل، المصرف الاسلامي الدولي، مصرف عبر العراق، مصرف الموصل للتنمية والاستثمار، مصرف الراجح الاسلامي، مصرف سومر التجاري، مصرف الثقة الدولي الاسلامي، مصرف أور الإسلامي، مصرف العالم الإسلامي للاستثمار والتمويل، مصرف زين العراق الاسلامي للاستثمار والتمويل) هەن.
ئێران بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە نەیتوانیوە دەستی بە ملیارەها دۆلار لە سەروەت و سامانی بگات کە لە چەند وڵاتێکدا بلۆککراون.
ئەمریکا پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە عێراقی دەوڵەمەند بە نەوت و دوەم گەورەترین بەرهەمهێنەری گروپی ئۆپێک بەرەو خۆبژێوی هەنگاو دەنێت، واشنتن فشاری خستوەتە سەر عێراق بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕۆیشتنی دۆلار بۆ ناو ئێرانی دراوسێ بکات.