بەهۆی هاتنی جەژنەوە لە ئێستادا هۆتێل و میوانخانەكان دەستیان بە ئامادەكاری كردووە و بەرپرسی كۆمپانیا گەشتیارییەكانیش باس لەوە دەكات لە هەفتەی داهاتوو هاتنی گەشتیار بۆ هەرێم بەبۆنەی جەژن دەست پێ دەكات، لە ئێستەوە زۆرێك لە هۆتێلەكان لە لایەن گەشتیاران و گرووپە گەشتیارییەكان گیراون.
عەتا ئەنوەر بەرپرسی نوسینگە و كۆمپانیا گەشتیارییەكانی سلێمانی، راگەیاند، گرێبەستێكی زۆر لە نێوان كۆمپانیاكانی گەشتیاری سلێمانی لەگەڵ كۆمپانیا گەشتیارییەكانی عێراق و ئێران كراوە بۆ هاتنی گەشتیارێكی زۆر بەشێوەی گرووپات بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە، لە هەفتەی پێشووەوە ئامادەكاری كراوە و هەر كۆمپانیایەكی گەشتیاری لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی خوار و ناوەڕاست كە پێوەندییان هەیە رێككەوتنیان كردووە و گەشتیار لە هەفتەی داهاتووەوە دێتە سلێمانی.
زیاتر وتی، نرخەكان زۆر بەرزبوونەتەوە لە هۆتێلەكان لە سلێمانی و هەولێر، بۆ نموونە هۆتێلێكی ئاسایی نرخی یەك شەو مانەوە بۆ كەسێك 13 بۆ 15 هەزار دینار بوو، ئێستا بووەتە 40 هەزار دینار، ژورێكی چوار نەفەری بۆ یەك شەو زیاتر 130 هەزار دینار دەكات، ئەمە نرخێكی زۆرە، هۆكارەكەش ئەوەیە ئەمە تەنها بە بۆنەی جەژن و هاتنی گەشتیاران، لەگەڵ ئەوەش دا هۆتێلەكان گیراون بۆ رۆژانی جەژن لە لایەن گەشتیارانەوە.
باسی لەوەش كرد، بەشێك لەو گەشتیارانەی كە بەگرووپات دێنە ناو شاری سلێمانی لە ئێرانەوە دێن، پێشبینی ئەوە دەكەین ئەو جەژنە زۆرترین گەشتیار بێن، بەهۆی كەش و هەوا و فێنكی، هەروەها بوونی ناوچەی گەشتیاری، هۆتێلەكان شوێنەكانیان بۆ هەفتەی داهاتوو گرتووە، هەفتەی داهاتوو لە سێشەم گەشتیار لە فڕۆكەخانەو بازگەكانەوە داخڵ دەبن.
مەحموود تۆفیق بەرپرسی كۆمەڵەی میوانخانە و رێستۆرانتەكانی سلێمانی، راگەیاند، سەرجەم میوانخانە و رێستورانتەكان لە رۆژانی جەژن كراوە دەبن، رێنوێنییەكان هەموویان وەك خۆیان جێبەجێكراون، ئەو شوێنانەی پێوەندییان لەگەڵ كۆمپانیا گەشتیارییەكان هەیە گرێبەستكراوە و شوێنەكان بۆ رۆژانی جەژن گیراون، تاقیكردنەوەكانی قوتابیان بەرەو كۆتایی دەڕوات ئەمە وایكردووە گروپاتیش زۆر بێت و زۆرترین گەشتیار بۆ جەژن بێنە سنوورەكە.
باسی لەوەش كرد، هیچ نرخێك لای ئێمە بەرزنەبووەتەوە و هەر وەك چۆن لە رابردوو گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكان كراوە بۆ گروپاتی گەشتیاری ئێستەش بەهەمان نرخە، ئەوانەی كە گەشیاری تاكن ئاساییە ئەگەر نرخەكان لە 5% بەرزببنەوە، ئەو زیادەیە بەپێی رێنوێنییەكان شتێكی ئاساییە لەسەر شوێنەكە ناكەوێت.
هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەوەی ناوچەیەكی گەشتیارییە و شوێنی ئارام و هێمنە، بۆیە بەردەوام گەشتیارییە عێراقییەكان و وڵاتانی دراوسێ سەردانی پارێزگاكان دەكەن بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش، بەتایبەتیش لە بۆنەكان و رۆژانی جەژن زۆرترین گەشتیاری سەردانی هەرێم دەكەن.
ناسر ئیسماعیل ئابووریناس، راگەیاند، هەر وڵاتێك كاتێك گەشتیار سەردانی بكەن ئەوانەی كە سوودیان پێ دەگات، یان سودی گەشتیار بۆ هەروڵاتێك ئەوەیە كە خەڵك و خاوەن كارەكان قازانج دەكەن، ئەو گەشتیار هەر لە شۆفێرێكی تاكسی كە پێی دەچێتە هۆتێلەكە یان ناوبازاڕ، ماركێت و دوكانی پۆشاك و خواردن و خواردنەوە و شوێنە گەشتیارییەكان سوود بە هەموو ئەوانە دەگەیەنێت، بە گشتی گەشتیاران دەبنە هۆكاری جوڵەیەكی زۆر باش لە بازاڕ كە بەهۆیەوە دوكاندار و هۆتێلەكان و چێشتخانەكان كاریان فراوان و سوودەكەی وەردەگرن.
زیاتر وتی، گەشتیاران دەبنە سەرچاوەی داهات بۆ خاوەنكارەكان، هەرێمی كوردستان چەند ساڵێك دەبێت خاوەن گەشتیارێكی بەردەوامە و لە بۆنەكانیشدا بە سەدان هەزار گەشتیار سەردانی دەكەن، ئەمانە پارەیەكی زۆریان هەیە و هەموو بۆ گیرفانی هاووڵاتی دەبێت و پارەكە دەستا و دەست دەكات و ئیش زۆر دەبێت و جوڵە فراوان دەكات.
ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، راگەیاند، بۆ رۆژانی جەژن و هاتنی گەشتیار ئامادەكاری كراوە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان راسپێردروان بۆ ئەوەی ئامادەكاری خۆیان بكەن لە هاتنی گەشتیار بۆ سنوورەكانیان.
بەپێی ئامارەكانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ساڵانە سەروی ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و دابەش دەبەن بەسەر هەر چوار پارێزگای هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە.