لەم هەفتەیەدا بانكی ناوەندی عێراق کەمتر دۆلاری فرۆشت

كۆی گشتی فرۆشی بانكی ناوەندی لە مەزادی دۆلار لەم هەفتەیەدا گەیشتە 844 ملیۆن دۆلار، لەكاتێكدا كۆی گشتی فرۆش لە هەفتەی پێشووتر 913 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند، كە ئەمەیش بەو مانایە دێ بەراورد بە هەفتەی پێشووتر %25ی كۆی فرۆشی كەم كردووەتەوە.

لەم هەفتەیەدا بانكی ناوەندی عێراقی لە رۆژانی فرۆشدا جگە لە رۆژی چوارشەم بە هۆی پشووی فەرمییەوە 884 ملیۆن دۆلار و 400 هەزار دۆلاری ئەمەریكی فرۆشتبوو، كە رۆژانە بەشێوەیەكی گشتی بڕەكەی دەكاتە 216 ملیۆن و 607 هەزار دۆلار. كە ئەمەیش بەراورد بە هەفتەی پێشووتر %25 لە كۆی گشتی فرۆش كەمی كردووە.

زۆرترین رێژەی فرۆش لەم هەفتەیەددا لە رۆژی پێنجشەمە بووە كە كۆی گشتی فرۆش 261 ملیۆن و 660 هەزار دۆلاری ئەمەریكی بووە، لەكاتێكدا كەمترین رێژەی فرۆش لە هەفتەكە یەكشەم بوو كە تیایدا 245 ملیۆن و 613 هەزار دۆلاری ئەمەریكی فرۆشتبوو.

بەپێی ئاماری بانكی ناوەندی لە هەفتەی رابردوودا 660 ملیۆن و 171 هەزار دۆلار بۆ كاروباری حەوالەی دەرەكی تەرخان كراوە، لەكاتێكدا تەنیا 252 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار بۆ كاش تەرخان كراوە.

بەهۆی جیاوازی فرۆشی رۆژانەی بانكی ناوەندی، نرخی دۆلار بەردەوام لە هەڵبەز و دابەزینی خێرایە، هەفتەی رابردوویش جێگری بانكی ناوەندی رای گەیاند كە بانكی ناوەندی عێراقی كۆتوبەندەكانی فرۆشی دۆلاری بڕیوە و هەر بڕێك پێویست بێت دەتوانێت بیخاتە بازاڕەوە.