ئاراس عەبدولکەریم
لەدنیای ئەمڕۆدا هەموومان هەست بەحاڵەتێك دەكەین كە خەریكە دەبێتە دیاردەیەكی باو، ئەویش نەمانی ئەخلاقی پیشەییە. بەمەرجێک هەموو پیشەیەك زیاد لەهەر شتێك بۆ بەدەستهێنانی متمانەو ناوبانگ دەرکردن بەباشیو پێکەوەنانی سەرمایەی مەعنەویان پێویستییان بەجۆرێک لەبەرپرسیارێتی مرۆییو ویژدانیو پابەندبوونی ئەخلاقییە.
هەر كات كە سەری قسە دادەمەزرێو قسەو باس دێتە سەر سوودو قازانجی كاری بازرگانیو كارو كاسپی رەوا، ئاوڕێك لەرابردوو دەدەمەوەو باوكمو هاوڕێكانیم بیر دەكەوێتەوە كە رۆژگارێك لەسلێمانیو بەغدا كاری بازرگانییان دەكردو شەوو رۆژیان خستبووە سەر یەك نەك هەر بۆ ئەوەی سەروەتو سامان كەڵەكە بكەن، بەڵكو بۆ ئەوەی بازاڕ پڕ لەكاڵای گونجاوو لەگرانیی بەدوور بگرنو سەرەنجام هاوڵاتیان بێ كەموكورتیو بەختەوەرو خۆشحاڵ بكەن. ئەمە رێك ئەو شتەیە كە لەكارو پیشەدا بە”ئەخلاقی پیشەیی” ناودەبرێت.
كاتێك كە بازرگانێك یاخود پزیشكو مامۆستاو پارێزەرو رۆژنامەنووسو كرێكارو جوتیارو شۆفێرو نانەواو فەرمانبەرو بەڕێوەبەرو هەر پیشەوەرێكی دیكە ئەركە پیشەییو مرۆییەكەی خۆی لەدەست ناداتو پابەندی کۆمەڵێک ئەتیكو ئاکار دەبێتو لەكارو پیشەكەیدا تەنها هەڵپەی كۆكردنەوەی پارەی نابێتو هەست بە بەرپرسیارێتی دەكات بەرامبەر ئەو کارەی کە هەیەتی، ئەوا شایستەی ستایشو رێزلێنانن، ئەو خاوەن پیشانەی کە پابەندن بەم ئەخلاقە پیشەییەوە دەبنە خاوەنی ناوبانگو متمانەو سەرمایەیەكی مەعنەوی كە زۆر لەسەرمایە مادییەكە گەورەترو گرنگترە. نمونەمان زۆرە لەهەموو ئەم بوارانەدا، بەزیندوییی مانەوەی ناوێكی درەوشاوەی وەك “كەریمی عەلەكە” باشترین نمونەیە، كە چۆن ئامانجی لەكاری بازرگانی بەپلەی یەكەم خۆشبەخت كردنی خەڵكی بوو.
بێگومان لادان لەئاکاری پیشەییو پێشێلکردنی ئەم ئەخلاقە، جۆرێکە لەخۆکوشتن، كوشتنی ناوبانگو متمانەو رێزو خۆشەویستی خەڵكو زیان بەكۆی كۆمەڵگەش دەگەیەنێت. كاتێك خاوەن پیشەكان كە رێز لەپیشەكەی خۆیان ناگرنو ئەركو بەرپرسیاریەتییەكەیان تەنها بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەكاردەهێنێننو بەرژەوەندیی تایبەتی بەسەر بەرژەوەندیی گشتی زاڵ دەكەنو وابەستەییان بەرامبەر ویژدان، ئاکارو هیچ پرەنسیپێك نامێنێ، لادان لەمۆرالی گشتیو پێشێلكاری لەئاكاری پیشەییدا روودەدات.
ئەرکی بازرگان بەدڵنیایی هێنانی شتومەکی کوالێتیی باشە بۆ هاوڵاتیان، کاتێک بازرگانێک بازاڕ پڕ دەكات لەکاڵای کوالێتی خراپو ماوەبەسەرچوو، ئەوپەڕی بێ ئاكاریی پیشەییو رەفتاری دزێویی لەكارەكەیدا پەیڕەو كردووە! كە بەداخەوە ئەمە بەمانای هەست نەكردن بە بەرپرسیارێتیو رایی نەکردنی کارەکانیەتی بەپێی ئەو ئەرکەی لەسەر شانیەتیو لەسەر حسابی خەڵكیو بەشێوەیەكی ناڕەوا سەروەتو سامان پێكەوە دەنێت، لەكاتێكدا بەپێی پرەنسیپەكانی ئاكاری پیشەیی هەر کەسەو دەبێت بەری رەنجو ماندووبوونی خۆی بخوات، نەك لەسەر حسابی تواناو تەندروستیو ماڵی کەسی دیکە بژی!
وەك حەزرەتی مەسیح دەڵێت “سوودی چییە تۆ هەموو دنیا ببەیتەوەو خۆت بدۆڕێنیت؟!”.