لیژنەی دارایی: سبەینێ بودجە ئامادە دەبێت بۆ پەسەندکردن

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پێنج لە گرنگترین ئاڵۆزییەکانی بودجەی ساڵی 2023 تێپەڕێنراون و سبەی دەنگ لەسەر پرۆژەیاساکە دەدرێت و پەسەند دەکرێت.

موزر کەڕوی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، “بودجەی ساڵی 2023 لە ڕوی بڕگە و پاشکۆکانەوە نزیکە لە تەواوبون، هەروەها زنجیرەیەک دانیشتنی ئەمشەو ماوە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک کێشە، بەڵام بە گشتی بودجەکە گۆڕانکاری زۆری بەخۆوە بینیوە لە دۆسیە گرنگەکاندا”.

وتیشی، “پێنج لە ئاڵۆزییەکانی بڕگە و ماددەکانی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 تێپەڕێنراون، دیارترینیان کورتهێنانی دارایی و دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی چین و توێژەکانە و دڵنیایی لەوبارەیەوە دراوە، ئەمە جگە لە شایستە داراییەکانی پارێزگاکان لە چوارچێوەی گەشەپێدانی هەرێمەکاندا گرنگی تایبەتیان پێدراوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەهەمو بارێکدا سبەی شەممە پرۆژەیاسای بودجەی 2023 ئامادە دەبێت بۆئەوەی پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت، بەوەش دەتوانرێت دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت.

شەوی رابردو، هەردو ماددەی 13 و 14ی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 کە شەوی رابردو لەلیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندکران، مشتومڕی زۆریان بەدوای خۆیدا هێنا و نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوی ئیسلامیش لە لیژنەکە کشانەوە، هەردو فراکسیۆنی یەکێتی و نەوەی نوێش دەنگیانپێدا.

دوێنێ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، رۆژی 27ی ئایار دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە دەدرێت و لە ئێستادا کارەکانی پڕۆژەکە لە لیژنەی یاسایی تەواو بون.

محەمەد حەلبوسی وتیشی، “یاساکە گرنگە و چەندین پڕۆژەی وەبەرهێنانی تێدایە کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر واقیعی خزمەتگوزاری دەبێت، لیژنەی داراییش هەندێک بڕگەی زیادکردوە و هەموارکردوەتەوە”.

عێراق لە ئەمساڵدا دەیەوێت پرۆژە یاسای بودجەی ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پێکەوە پەسەند بکات، کە قەبارەی پڕۆژە یاساکە تەنها بۆ ئەمساڵ بە 199 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە و رێژەی کورتهێنانیش زیاتر لە 60 ترلیۆن دینارە، پشکی هەرێمی کوردستانیش بە 12.67%ـی دیاریکراوە.