لیرەی تورکی لەئەمساڵدا نزیكەی 25%ی بەهاكەی لەدەستداوە و نرخەکەی گەیشتە 10.36 لیرە بەرامبەر هەر دۆلارێکی ئەمریكی.
بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە بانکی ناوەندیی تورکیا کۆببێتەوە بۆئەوەی بەشێک لە سوودەکانی بۆ سێیەم مانگ لەسەر یەک کەمبکاتەوە، بەئامانجی گەڕاندنەوەی نرخی لیرە بۆ دۆخێکی باشتر.
بەڵام بەشێکی زۆر لە شیکەرەوە ئابورییەکان هۆکاری داڕمانی نرخی دراوە تورکییەکە بۆ ئەو سیاسەتە ئابورییە دەگەڕێننەوە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان جێبەجێی دەکات، لەکاتێکدا بانکی ناوەندیی وڵاتەکە پێویستیی بەوەیە سەربەخۆبێت، بەڵام فشارەکانی ئەردۆغان ڕێگە بەوەنادات، ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی تێچووەکانی کارە بازرگانییەکان لەپێناو گەشەکردنی زیاتر.
لەکاتێکدا پیادەکردنی ئەو سیاسەتە ئابورییە لەلایەن ئەردۆغانەوە ڕێژەی فراوانبوونی ئابورییەکەی بە 10% بەدیهێناوە، لەبەرامبەردا ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی ساڵانەی لە تورکیا بەڕێژەی 20% بەرزکردووەتەوە، لەلایەکی دیکەوە لیرەی تورکی تەنها لە ئەمساڵدا یەک لەسەر چواری بەهاکەی لەدەستداوە.
لەوبارەیەوە جیسۆن تافی شیکەرەوەی ئابوری دەڵێت، بە ڕۆڵی لە فشارخستنەسەر بانکی ناوەندی و بەردەوامیی لەسەر ئەو سیاسەتەی جێبەجێی دەکات بۆ فراوانکردنی ئابوری، ئەردۆغان وادەکات دابەزینی ئاستی بەهای لیرەی تورکی و هەڵاوسانی ئابوری زیاتربێت لە هەفتە و ڕۆژانی داهاتوودا.
هەروەها تیموسی ئاش دەڵێت، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەهۆی ئەو سیاسەتەی جێبەجێی دەکات ڕێژەی جەماوەریی بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە لەماوەی 19 ساڵی دەسەڵاتیدا، سیاسەتی فراوانکردنی ئابوریی تورکیا یەکێکە لەو سیاسەتانەی ئەردۆغان بەئامانجی سەركەوتن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 2023ی تورکیادا و بەدەستهێنانی ویلایەتی داهاتووی سەرۆكایەتیی وڵاتەكە.