لیرەی توركی دابەزینێكی بێ پێشینەی تۆماركرد بە 26.10 بەرامبەر دۆلار لە بەیانی ئەمڕۆدا.
دابەزینەكە دوای ئەوە هات بەرپرسان و شارەزایانی بانك رایانگەیاند، بانكی ناوەندی بەكارهێنانی یەدەگی بۆ پاڵپشتی دراوی توركی راوەستاندووە، وەك ئەوەی رۆیتەرز ئاماژەی پێداوە.
دواتر لیرە بەرزبوونەوەیەكی كەمی تۆماركرد و گەیشتە 26.05 بەرامبەر دۆلار، بەبێ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ كە بیگەیەنێتە ئاستی داخستنی رۆژی پێشتر.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە لیرەی توركی 28%ی بەهاكەی لەدەستداوە، بەپێی ئاژانسەكە.
سەرەڕای ئەو گۆڕانكارییە گەورەیەی بەسەر سیاسەتی بانكی ناوەندیی توركیادا هات لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە بەرزكردنەوەی نرخی سوود بۆ 15% بۆ یەكەمجار لە ئازاری 2021ەوە، بەڵام ئەو هەنگاوە كاریگەریی گەورەی لەسەر نرخی دراوە توركییەكە نەكرد.