ساڵانە لەگەڵ ھاتنی مانگی رەمەزان، ھاووڵاتییان به‌گشتی ئامادەکاری دەکەن لە رووی دابینکردنی کەلوپەلی پێوست و خۆراک و بازاڕەکان جمەیان دێت.
ئەمساڵ کە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان ھاوکاتە لەگەڵ سێیەم رۆژی جەژنی نەورۆز، ھەر بۆیەش ئامادەکارییەکان له هه‌رێمی كوردستان کەمترن بەراورد بە ساڵانی پێشوو، چونکە بەشێکی خەڵک بەھۆی جەژنی نەورۆزەوە، بازاڕکردنی پێشوەختەیان بۆ مانگی رەمەزان کردووە.
بەشێک لە ھاووڵاتییانیش بە مەبەستی بازاڕکردن لە دوکانەکانی فرۆشتنی خۆراک دەبیندرێن و خاوەن دوکانێکیش ئاماژە بەوە دەکات کە بەھۆی بەرزبوونەوەی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار، ئەوا نرخی کەلوپەل و خۆراک دابەزیووە بەراورد بە چەند مانگ پێش ئێستا.
خاوەنی مارکێتی ئارام، ئارام محەمەد له‌باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كان و نرخه‌كانی خۆراك له مانگی ره‌مه‌زاندا وتی: “ئه‌مساڵ جیاوازییەکەی ئەوەیە کە جه‌ژنی نەورۆز و هاتنی مانگی رەمەزان بەیەکەوە بوون و خەڵک کەلوپەل و پێداویستییەکانی بۆ نه‌ورۆز و ره‌مه‌زان به‌یه‌كه‌وه كڕیووه، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه نرخی دۆلار دابەزیوە کۆمپانیاکانیش كه‌لوپه‌ل و بهروبوومهكانییان ھەرزانتر دەفرۆشن، ده‌توانین بڵێین نرخەكان سەدا ١٠ دابەزیووە.
له‌باره‌ی خواستی هاووڵاتییانیش له‌سه‌ر كه‌لوپه‌ل و بابه‌ته خۆراكییه‌كان، ئارام محه‌مه‌د وتی: ”به‌هۆی ئه‌وه‌ی له پارشێوان زیاتر بابه‌ته‌كانی گوێز و باوی و هه‌نگوین له‌سه‌ر سفره‌كان ده‌بینرێن هه‌ر بۆیه‌ش خواستی خه‌ڵك زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه‌یه”.
هاووڵاتییه‌كی شاری هه‌ولێر كه بۆ كڕین و دابینكردنی كه‌لوپه‌لی پێداویستی و خۆراك رووی له دوكانه‌كان كردووه، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه به‌هۆی قه‌ره‌باڵغییه‌وه، نیازی هه‌یه سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كان هه‌ر ئه‌مڕۆ بكڕێت.
هاووڵاتی، رزگار له‌شكری وتی: ”سه‌ره‌تا پیرۆزبایی مانگی ره‌مه‌زان لە موسڵمانانی جیھان دەکەم، ھاتووم بە یەک پاکێج کەلوپەل و پێداویستی خۆراک بکڕم وەکو ئامادەکارییەک بۆ مانگی رەمەزان، چونكه ئه‌مڕۆ بەھۆی جەژنی نەورۆزەوە خەڵکێکی زۆر چووەتە دەرەوە و بازاڕ چۆڵترە بەراورد بە رەمەزانی پێشووتر، بۆیه‌ش ویستم تووشی قه‌ره‌باڵغی بازاڕ نه‌بم و سوودم له‌م كاته بینی بۆ بازاڕكردن”.
یه‌كێكی دیكه له خاوه‌ن دوكانه‌كان، پێشبینی ده‌كات هه‌فته‌ی داهاتوو بازاڕ قه‌ره‌باڵغ بێت و ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه به‌شێك له خاوه‌ن كۆمپانیاكان به ره‌چاوكردنی دۆخی هاووڵاتییان، نرخه‌كانییان كه‌مێك دابه‌زاندووه به‌راورد به پێشووتر.
دوكاندار، كه‌مال ته‌ها وتی: ”پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانان ده‌كه‌م، ئه‌مڕۆ زیاتر خواست لەسەر خواردەمەنییە سەرەکییەکانه به‌هۆی مانگی ره‌مه‌زانه‌وه كه خه‌ڵك به جۆش و خرۆشه‌وه پێشوازی لێ ده‌كات”.
كه‌مال ته‌ها له‌باره‌ی نرخه‌كانیشه‌وه وتی: ”بەشێوەیەکی گشتی نرخه‌كان روو لە دابەزینن، چونکە به‌شێك له خاوەن کۆمپانیاکان بەھۆی مانگی رەمەزانەوە ره‌چاوی دۆخی دارایی هاووڵاتییانییان کردووە”.
سه‌باره‌ت به هۆكاری چۆڵی بازاڕیشه‌وه، كه‌مال ته‌ها وتی: ”چۆڵی بازار دەگەڕێتەوە بۆ جەژنەکانی نەورۆز و ئادار، پێشبینی دەکرێت ھەفتەی داھاتوو بازاڕ قەرەباڵغتربێت و خه‌ڵك بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كان سه‌ردانی بازاڕه‌كان بكه‌ن”.
ئه‌مه له كاتێكدایه كه چەند رۆژێک بەر لە ئێستا حکوومەتی عێراق بڕیاریدا کە چوار بابەت بۆ لە پێدانی بەشە خۆراک زیاد بکات ئەوانیش بریتیین لە یەک تەبەقە ھێلکە، پێنج کیلۆ ئاردی سفر، یەک کیلۆ شەعرییە و نیو کیلۆ نیشاستە بۆ ھەر خێزانێک و بڕیاریشە لەم مانگەوە بڕیارەکە بچێتە واری جێبەجێکردن و هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه.