ماوەی سێ رۆژە بەبۆنەی سەری ساڵەوە بە بەردەوامی گەشتیار ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و دابەشبوون بەسەر پارێزگاكاندا، ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە ئوتێلەكان پڕبوون لە گەشتیار.
ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، راگەیاند، ئەم سەری ساڵە بە دڵنیایەوە دۆخی گەشتیار و هاتنیان بۆ هەرێمی كوردستان زۆر باش دەبێت، پێشبینی هاتنی زۆرترین گەشتیار دەكەین و چەند رۆژێكیشە گەشتیار بە بەردەوامی دێنە هەرێمی كوردستان و دابەشبوون بەسەر ناوچەكان و شارەكان، ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە بۆ هەمووان.
ئاماژهی بهوهشكرد، ئەم سەری ساڵە دەبێتە دوو جەژن لە هەرێمی كوردستان بۆ گەشتیاران، جەژنێكی بەفر و جەژنێكی ئاهەنگ و خۆشی سەری ساڵ لە رێستۆرانت و ئوتێل و میوانخانەكان و سەرجەم شوێنەكانیش ئامادەكارییان كردووە بۆ سەری ساڵ و بەڕێوەچوونی ئاهەنگ و گەشتیارانیش لە ئوتێل و شوێنەكان دەمێننەوە.
سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار ئەوەشی خستەڕوو، هاتنی ئەو گەشتیارە زۆرە بۆ هەرێمی كوردستان وامان لێدەكات پلان دابنێین بۆ ئەوەی زۆرترین ئوتێل و میوانخانە و پرۆژەی گەشتیاری بكەینەوە بۆ ئەوەی بەرانبەر بێت بەو هەموو گەشتیارەی كە ساڵانە و لە بۆنەكاندا بەتایبەتی دێنە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی هەمووان بەخۆشی و لە شوێنێكی باشدا بمێننەوە و كاتەكانیان بەسەر ببەن.
باسی لەوەشكرد، ئەو گەشتیارانەی كە دێنە هەرێمی كوردستان، 70%ـی گەشتیاری عێراقین و لە خوار و ناوەڕاستی عێراقەوە دێن و زۆربەشیان بە گروپاتی گەشتیاری لە رێی كۆمپانیاكانەوە دێن، ئەوەشی دەمێنێتەوە گەشتیارانی دەرەوەی هەرێم و عێراقن.
هەرێمی كوردستان بەهۆی هەڵكەوتوی جوگرافی شوێنەكەی، لە زستانیشدا گەشتیاران سەردانی دەكەن، بوونی چەند ناوچەیەكی گەشتیاری و ئاو و هەواكەی لەم وەرزەدا كە بەفر تیایاندا دەمێنێتەوە وایكردووە، گەشتیارێكی زۆر روو لە هەرێم بكەن، ئەم سەری ساڵەش بەلای گەشتیارانە دوو جەژنە، جەژنی بەفر و جەژنی سەری ساڵ.
ئارام شوانی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری سلێمانی، راگەیاند، ماوەی سێ رۆژە بە بەردەوامی گەشتیار سەردانی سلێمانی دەكەن و زۆربەری زۆری ئەو گەشتیارانە عەرەبی عێراقین و بەشێكی كەمیشی گەشتیاری دەرەوەن، هاتنی گەشتیار تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت، ئەوەی جێی دڵخۆشیە لە ئێستادا نزیكەی 30 هەزار گەشتیار هاتوونەتە سلێمانی.
ئاماژهی بهوهشكرد، چەند رۆژ پێش ئێستە ئوتێلەكان گیراون و لە ئێستەشدا بەهۆی هاتنی ئەو گەشتیارە زۆرەوە ئوتێل و مۆتێل و شوێنەكانی مانەوە پڕبوون لە گەشتیار، ئەمەش دۆخێكی باشە و لە بەرژەوەندی خاوەن كار و پرۆژە و هۆتێلەكاندا و شوێنەكانیش سەرجەمییان كراوەن و پێشوازی لە گەشتیاران دەكەن.