له‌ڕێی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كه‌وه‌ به‌رهه‌می ناوخۆ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌كرێت

بڕیاره‌ چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكرێن تا به‌رهه‌می ناوخۆ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات. بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو یه‌كه‌م پڕۆژه‌ به‌ردی بناغه‌ی بۆ دابنرێت كه‌ ئیماراتییه‌كان جێبه‌جێی ده‌كه‌ن.

دكتۆر محه‌مه‌د شوكری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان، ڕایگه‌یاند، له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن تا به‌رهه‌می ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكرێت .

ئه‌و روونی كرده‌وه‌، بڕیاره‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌كان پڕۆژه‌ دروست بكرێت، هه‌فته‌ی داهاتوو له‌ زاخۆ به‌ردی بناغه‌ی یه‌كه‌م پڕۆژه‌ داده‌نرێت كه‌ ئیماراتییه‌كان پێی هه‌ڵده‌ستن. ئه‌مه‌ گرنگییه‌كی یه‌كجار زۆری هه‌یه‌ و ده‌بێته‌ هه‌نگاوێكی باش بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ هه‌نارده‌ بكرێت.

دكتۆر محه‌مه‌د شوكری وتی، ئه‌و پڕۆژانه‌ بۆ هه‌نارده‌كردنی به‌رهه‌می كشتوكاڵییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان تا به‌رهه‌م هه‌نارده‌ بكرێ و بازاڕی بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

وه‌ك زیاتر خستیه‌ روو، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا، ده‌ست به‌ كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌م ده‌كرێت بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بۆیه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و رێكاره‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌گیرێنه‌به‌ر.