كەمال موسلیم: زیاتر لە 20 هەزار هەلی كار بۆ لاوان و خەڵكی هەرێمی كوردستان ڕەخسێندراون

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی سێ ساڵی كابینەی نۆیەمدا سێ سایلۆی 40 ھەزار تۆنی و 19 گۆكا دروستكراون، كە بنەمایەكی ستراتیژین بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك.

كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، بەبۆنەی تێپەربوونی سێ ساڵ بەسەر تەمەنی كابینەی نۆیەمدا لە وتارێكدا كار و پڕۆژەكانی وەزارەتەكەی دەخاتەڕوو كە بریتین لە:.

1- بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی یاسای چاكسازی و دروستكردنی لیژنەی چاكسازی و پێداچوونەوە بە دۆسیەی سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەت كە (3066) فەرمانبەرن و (274) فەرمانبەر كەموكوڕی لە دۆسیەكانیان ھەبووە، كۆی گشتی جیاوازیی مووچە لە چاككردنی ئەم دۆسیانە دەگاتە نزیكەی (40) ملیۆن دینار.

2- كردنەوەی ئەژمێری بانكی بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەت.

3- بە ھەماھەنگی لەگەڵ بازرگانان و ژوورە بازرگانییەكان و ھێنانی بڕێكی زۆری خۆراك لە كاتی كەرەنتینە و ڕێگاگرتن لە كەمبوونەوە و گرانبوونی نرخی خۆراك لەو كاتەدا.

4- ھەر لە كاتی كەرەنتینەدا نزیكەی (20) هەزار تۆن لە خۆراكە سەرەكییەكان هێنراون و دابەشكرا بەسەر (200) ھەزار خێزانی كەمدەرامەتدا.

5- دروستكردنی ئەنجومەنی كێبڕكێ و قەدەغەكردنی قۆرخكاری.

6- بە ئەلیكترۆنیكردنی پڕۆسەی تۆماركردنی كۆمپانیاكان كە بووە ھۆی كەمكردنەوەی ماوەی پێویست بۆ تۆماركردنی كۆمپانیا كە پێشتر دەگەیشتە نزیكەی مانگێك، بەڵام ئێستا لە سێ ڕۆژدا و بە تێچووی (60) ھەزار دینار كارەكانی تۆماردەكرێن.

وتیشی، ئامادەكاریمان كردووە بۆ بەئەلكیترۆنیكردنی مۆڵەتی ھەناردە و ھاوردە، ھێمای بازرگانی و پێدانی مۆڵەتی پیشەسازی بۆ كارگەكانی كەرتی تایبەت كە بە ھەمان شێوە دەبنە ھۆی زووتر جێبەجێكردنی كاری ھاوڵاتییان.

7- رێكخستنەوەی خەرجی و داھات، زیادكردنی داھاتی وەزارەتمان بە ڕێژەی %50 و كەمكردنەوەی خەرجییەكان بە ڕێژەی 20%.

8- ھەمواركردنەوەی یاسای پاراستنی بەرھەمە خۆماڵییەكان، كە دەبێتە ھۆكارێك بۆ پەرەپێدانی بەرھەمی خۆماڵی.

9- دروستكردنی پەیوەندی و ھەماھەنگی لەگەڵ ھەردوو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی فیدراڵ و چارەسەركردنی زۆریك لە كێشەكانی نێوانمان.

10- یەكخستنی سەرجەم پرۆسە ئیدارییەكان لە سەرجەم دام و دەزگاكانی وەزارەت لە ھەر سێ پارێزگا كە پێشتر بە شێواز و میكانیزمی جیا كاردەكران.

11- لەم كابینەیە دوو هەزار و 659 كۆمپانیای خۆماڵی و 87 كۆمپانیای بیانی تۆماركراون و 553 مۆڵەتی كارگەی كەرتی تایبەت دراوە و 26 هەزار و 701 پشكنین بۆ بەرھەمی كارگەكان ئەنجامدراون و هەزار و 529 ھێمای بازرگانی بە كۆمپانیای خۆماڵی دراون و (861) ھێماش بە كۆمپانیای بیانی، وە بە سەرجەم ئەم كارانەش زیاتر لە 20 هەزار هەلی كار بۆ لاوان و خەڵكی هەرێمی كوردستان ڕەخساندووە.

12- زیاتر لە (200) هەزار تۆن چیمەنتۆ بۆ ھاوڵاتییان دابینكراوە بە نرخی گونجاو بۆ پەرەپێدانی بیناسازی.

13- سێ سایلۆی (40) ھەزار تۆن و (19) گۆكا بە گوژمەی زیاتر لە (58) ملیار دینار دروستكراون كە بنەمایەكی ستراتیژین بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك.

14- چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژیمان ئامادەكردووە كە ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ وەرگیراوە و بودجەیان بۆ تەرخانكراوە وەك:

ـ دروستكردنی سایلۆی ھەڵەبجە لەگەڵ (10) كۆگا بە گوژمەی (26) ملیار دینار.

ـ دروستكردنی ڕێگای سایلۆی ڕانیە و پیرەمەگرون.

15- ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانیشمان وەرگرتووە بۆ ھەڵگرتنی باجی گومركی لەسەر ماددە خۆراكییە پێویستییەكان بۆ بەرگرتن لە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و بەمەش كۆنتڕۆڵی نرخی خۆراك لە بازاڕ دەكرێت.