نزیكەی سێ مانگە توركیا گەشتە ئاسمانییەكانی بە رووی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی داخستووە، بەو هۆیەوەش زیانێكی زۆر بەر كۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەكان كەوتووە، هاوكات زیانێكی زۆر بە داهاتی فڕۆكەخانەكە كەوتووە، جیا لە زیانگەیاندن بە هاووڵاتییان و گەشتیاران كە سەردانی ئەو وڵاتە دەكەن، خاوەن كۆمپانیاكانی گەشتیاری باس لەوە دەكەن كە مانگانە هەر كۆمپانیایەك زیانی سەرو دوو هەزار دۆلاری بەركەوتووە.
بەهۆی هەندێك بابەتی سیاسی لە نێوان سلێمانی و توركیا، لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵ، توركیا بە فەرمی گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی راگرت، رێگەش نادات هیچ فڕۆكەیەك كە لە سلێمانییەوە دەفڕێت بە ئاسمانی وڵاتەكەدا بڕوات، هاوكات هیچ فڕۆكەیەكیش لە كاتی گەڕانەوە، ئەوەش كاریگەری لەسەر كەرتی گەشتیاری پارێزگەكە و زیانی زۆریشی بۆ كۆمپانیا گەشتیارییەكان هەبووە، كە لەو بوارەدا كار دەكەن.
لەو بارەوە عەتا ئەنوەر، بەرپرسی كۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەكانی سلێمانی راگەیاند، توركیا لە رێگەی دوو هێڵەوە گەشتەكانی بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی ئەنجام دەدا، هێڵی “توركیش ئێرلاین” و “هێڵی ئاسمانی عێراق”ی، لە سێی نیسانی ئەمساڵ گەشتەكانی بە رووی فڕۆكەخانەی سلێمانی داخست، لە سەرەتای مانگی تەمووزی ئەمساڵیش داخستنەكەی تا سەرەتای مانگی كانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو درێژ كردەوە، ئەو داخستنەش زیانی زۆری بە كۆمپانیاكانی گەشتیاری گەیاند، بەهۆی ئەوەی كارەكانی ئەو كۆمپانیایانە لەسەر كەرتی گەشتیاری و بلیتی ئەو وڵاتە بوو.
باسی لەوەش كرد، زیانی داخستنی گەشتەكان تەنیا بۆ كۆمپانیاكان نەبوو، بەڵكو زیانی لە كەرتی گەشتیاری سلێمانی دا، كە ساڵانە هەزاران گەشتیاری توركی دەهاتنە سلێمانی، هاوكات زیانی لە هاووڵاتییانی سلێمانیش دا كە بۆ گەشت دەچنە توركیا، ئەمە جگە لەوەی زیانی لە داهاتی فڕۆكەخانەی سلێمانی داوە، بەهۆی ئەو باج و رسوماتەی لە گەشتیاران لە فڕۆكەخانەكە وەردەگیرێت، هەروەها ئەو نەخۆشانەی كە بۆ چارەسەر دەچنە توركیا.
بەرپرسی كۆمپانیا گەشتیارییەكان دووپاتی كردەوە، هەر كۆمپانیا و نووسینگەیەك مانگانە 100 بلیتی فرۆشتووە، نزیكەی دوو هەزار دۆلار دەكات، واتە بۆ ئەو سێ مانگەی كە داخراوە شەش هەزار دۆلار دەكات، نزیكەی 200 كۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری هەیە، سەرو ملیۆنێك دۆلار دەكات ئەمە دەتوانین بە لایەنی كەم ئەوە دابنێین، چونكە كۆمپانیا هەیە رۆژانە چەندان بلیتی توركیای هەبووە و گەشتیارێكی زۆر بلیتی لای ئەو وەرگرتووە.
لای خۆیەوە فازیل حەمەشەریف، خاوەنی كۆمپانیای “رادۆبیس” بۆ گەشتیاری راگەیاند، بەهۆی داخستنی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی زیانی زۆرمان بەر كەوتووە، ئیشمان لەسەر ئەو فڕۆكانەی توركیا بوو لە فرۆشتنی بلیت بۆ گەشتیاران، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە و گەشتیاران دەچنە هەولێر بۆ گەشتكردن، زۆربەی گەشتیارانیش كڕینی بلیتیان بردووەتە هەولێر و هەر لەوێ دەیبڕن و گەشتەكە دەكەن، بۆیە كاری كۆمپانیا گەشتیارییەكان بە رێژەی 90% كەمی كردووە، چونكە زۆرینەی كارمان لەسەر ئەو گەشتانە بوو.
ئەو خاوەن كۆمپانیایە ئاشكرای كرد، ئەگەر وەرزی گەشتكردن بێت، مانگانە 100 بلیتمان دەبڕی، لە وەرزەكانی تریش گەشتیار زۆر باش بوو، بەڵام دوای داخستنی گەشتەكان ئێستە بۆ 10 بلیت كەمی كردووە، بازرگان و گەشتیارانیش بە رێژەی بەرچاو گەشتی توركیا دەكەن و ئەوانەشی دانیشتووی دەرەوەی وڵاتن، دەچنەوە توركیا و لەوێوە گەشت دەكەن، ئێستە زۆربەی كارەكانی گەشتیاریی توركیا گوازراوەتەوە بۆ هەولێر، دەتوانین ئەوە بڵێین كە لەو ماوەیەدا مانگانە دوو هەزار دۆلار زیانمان كردووە.
پێوەست بەو بابەتە رابەر میزا، شارەزای ئابووری ئاماژە دەكات، راگرتنی گەشتەكانی توركیا بۆ سلێمانی و بە پێچەوانەوە، كاریگەری لەسەر داهاتی فڕۆكەخانە هەیە، چونكە مانگانە رەنگە هەزاران گەشتیار گەشتی ئەو وڵاتە بكەن و بە پێچەوانەشەوە لە توركیاوە بێنە فڕۆكەخانە و پارەیان لێ وەردەگیرێت، كە ئەوەش فڕۆكەخانە خۆی دەزانێت ئەو زیانانە بە چەند دەخەمڵێندرێن، هاوكات كۆمپانیا گەشتیارییەكان كە كاریان لەسەر ئەوە بوو، هەروەها كەرتی گەشتیاری لە سلێمانی، كە ئەویش زیانی بۆ هاووڵاتییان و خاوەن كار و جووڵەی بازاڕ هەیە.
شایەنی باسە لە سنووری سلێمانی نزیكەی 200 كۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری هەیە، سەرجەمی ئەو كۆمپانیا گەشتیارییانە بەشێكی زۆری كارەكانیان بریتییە لە كاری گەشتیاری و فرۆشتنی بلیتی فڕۆكە بۆ توركیا.