هەرێمی كوردستان بووەتە ناوەندێكی گرنگی ئابووری، بەتایبەتی لە بواری بازرگانیدا، وەك ناوەند و رێڕەوێكی بازرگانی رۆڵ دەبینێت، جیا لە هەوڵەكانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم بۆ كردنی بە ناوەندێكی پیشەسازی، كە ئەوەش پێویستی بە بەبازاڕگەیاندنی كاڵاكان هەیە، لەو ناوەدا كۆمپانیا بازرگانییە ژاپۆنییەكان چاویان لە هەرێم بڕیوە و دەیانەوێ چالاكییەكانیان زیاتر بكەن.
ئەمڕۆ سێشەممه كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی ئاژانسەكانی جایكا و جێترۆی ژاپۆنی و چەند كۆمپانیایەكی تری ئەو وڵاتە كرد و گفتوگۆ لەسەر هاوكاری و هاوئانگی و هێنانی بەرهەم و پڕۆژەی تایبەت بۆ هەرێمی كوردستان كرا.
نوێنەری كۆمپانیا ژاپۆنییەكان باسیان لە كار و پڕۆژە و بەرهەمەكانیان كرد، كە لە زۆر بواری جیاجیادا توانیویانە كارەكانیان بێننە كوردستان و لە هەوڵی بەردەوامیشدان بتوانن زۆرترین وەبەرهێنان و پێداویستی و بەرهەمی كۆمپانیاكانیان بێننە عێراق و كوردستان، باس لە گرفتی بەردەم كارەكانیان كرا، پێشنیازی هەناردەكردنی بەرهەمی خۆماڵیشیان لە رێگەی كۆمپانیاكانیانەوە كرد.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی بە كارئاسانی تەواوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ كۆمپانیا ژاپۆنییەكان كرد و گوتی، كەشی گونجاوی كاركردن دەرفەتێكی باشی بۆ كۆمپانیا بیانییەكان بە گشتی و كۆمپانیا ژاپۆنییەكان بە تایبەتی ڕەخساندووە، تا كار و بەرهەمەكانیان لە هەرێمی كوردستان پێش بخەن، دڵنیایی هاوكاری و كارئاسانیشی دایە كۆمپانیاكان بۆ هەر جۆرە پڕۆژەیەك كە خزمەت بە پێشكەوتنی ناوچەكە بكات.