كۆمپانیاكانی كۆكەرەوەی خۆڵ و خاشاك دەڵێن، وەزارەتی دارایی پێچەوانەی گرێبەستەكانی نێوانیان لە خەرجكردنی پێشینەكانیان بڕیاریداوە و هۆشداریشدەدەن ئەگەر كێشەكەیان بۆ چارەسەرنەكرێت كاركردنیان بەرەو وەستان دەڕوات.
شەش كۆمپانیا كە لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەرین و سەرجەم و قەزا و ناحییەكانی سنوورەكە كاری كۆكردنەوە و داپۆشینی خۆڵ و خاشاك دەكەن، نووسراوێكیان ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم كردووە و دەڵێن، لە ڕێكەوتی 16ی ئایاری 2021دا وەزارەتەكە بڕیاریداوە 60%ی پێشینەكانیان بە چوار قۆناغ بۆ خەرجبكرێت و 40%ەكەی دیكە بخرێتەسەر مانگی داهاتوو كە “پێچەوانەی ئەو گرێبەستانەیە” كە واژوویانكردووە.
ڕوونیشیدەكەنەوە، لە 25ی تشرینی یەكەمدا وەزارەتی دارایی، بانكی ناوەندیی هەرێمی ئاگاداركردووەتەوە كە هیچ گوژمەیەك بۆ كۆمپانیاكانی پاككەرەوە خەرجنەكرێت تا ئەو كاتەی مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.
كۆمپانیاكان دەڵێن، ئەو بڕیارانە جگە لەوەی قەرزی سەرشانیانی كەڵەكەكردووە، كارمەندەكانیشیان لە (شۆفێر و ژینگەپارێزان) ئامادەنین بەبێ وەرگرتنی مووچەكانیان لە كاركردن بەردەوامبن.
لە نووسراوەكەدا كۆمپانیاكانی كۆكەرەوەی خاشاك داوادەكەن لە ماوەی حەوت ڕۆژدا كێشەكەیان بۆ چارەسەربكرێت، بەپێچەوانەوە وەستاندنی پڕۆژەكانیان بەدوورنازانن.
پێشتر نزار كەمال، بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزاری لە شارەوانیی سلێمانی لەبارەی ئەو گرفتەوە ڕایگەیاندبوو، لە سلێمانی دوو كۆمپانیا ئەركی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكیان لەئەستۆدایە، لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی دارایی بڕیاری دابوو مانگانە 60%ی شایستە داراییەكانیان خەرجبكات، بەڵام ئێستا ئەو بڕیارە ڕاگیراوە و ماوەی چوار مانگە شایستە داراییەكانی ئەو دوو كۆمپانیایە خەرجنەكراون.
وەزارەتی دارایی پێیوتوون، لە دوای دابەشكردنی مووچە، شایستە داراییەكانیان خەرجدەكات، بەڵام مانگانە دابەشكردنی مووچە نزیكەی مانگێك دەخایەنێت و لەنێوان كۆتاییهاتنی مووچە دابەشكردنێك و دابەشكردنی مووچەی مانگی دواتردا، كاتێك بۆ خەرجكردنی شایستە داراییەكانی ئەو كۆمپانیایانە نەهڵێدراوەتەوە.
بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزاری لە شارەوانیی سلێمانی، باسی لە دەرئەنجامە خراپەكانی مانگرتنی ئەو كۆمپانیایانە لەسەر ژیانی هاوڵاتییان و پیسكردنی ژینگە كرد و وتی، “بڕێكی زۆری خۆڵ و خاشاك لەناو گەڕەكەكان و سەر شەقام و بەشێك لە شوێنە گشتییەكان كۆبووەتەوە و ئەوەش گرفتی دروستكردووە و ژینگە پیسدەكات”.
ماوەیەكە لە چەند پرسێكدا حكومەتی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان، جیاوازی لەنێوان سلێمانی و پارێزگاكانی تردا دەكەن، مانگی ڕابردوو كارەبای نیشتمانیی كەمتر دراوە بە سلێمانی، غازی ماڵان كەمتر لە نیوەی پێویست دەگاتە پارێزگاكە، لە دابەشكردنی نەوتی سپیدا حكومەت نیوەی بڕی دابەشكراوی لە هەولێر داوە بە سلێمانی (34 ملیۆن لیتر، بە 17 ملیۆن لیتر)، ئەمە جگە لەوەی ئەو بەنزینەی حكومەت دەیدات بە كۆمپانیای كار و دەیپاڵێوێت، یەك لیتری لێنادرێت بە سلێمانی.
دەقی نوسراوی كۆمپانیاكان: