ئێرڤین هیكس، كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان دوای كۆبونەوەی لەگەڵ كەمال محەمەد، وەزیری وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سروشتیەكان بە وەكالەت رایگەیاند، “پشتگیری گفتوگۆکانی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق دەربارەی بەرھەمە نەوتی و گازییەکان دەکەین”.
کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “زۆر خۆشحاڵم بە کۆبوونەوە لەگەڵ کەمال موحەمەد ساڵح، پیاوێک ئەرکێکی گەورەی لە ئەستۆیە لە ھەردوو وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سروشتییەکان.”
جەختیشی کردووەتەوە لەوەی، “پشتگیری چاکسازییەکان دەکەین کە دەبنە ھۆی باشترکردنی کارامەیی و توانای گەشەپێدان لە کەرتی کارەبا و ھەوڵەکانی کەمکردنەوەی دەرچوونی گازە زیانبەخشەکان بە ژینگە لە کەرتی نەوت و گازدا.”
هەروەها، “پشتگیری گفتوگۆکانی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق دەربارەی بەرھەمە نەوتی و گازییەکان دەکەین و ھاوڕاین سەبارەت بەوەی ئەو گرێبەستە نەوتییانەی کە ھەن دەبێت رێزیان لێبگیرێت.”