پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق روونكردنەوە لەبارەی شێواز و كاتی گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە بۆ فەرمانبەران دەدات و جەختیشدەكاتەوە دوای دەرچوونی یاسای بودجە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
شەوی رابردوو بە هەوڵی فراكسیۆنی یەكێتی ماددەكانی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی پەسەندكران كە تایبەتن بە پشكی هەرێمی كوردستان و گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
د. بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند، دوای بڕیاری دەرچوونی یاسای بودجە راستەوخۆ دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەپێی ئەو ماددەیە حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بە گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم مانگانە بە رێژەی 10%ی پارەی تەرخانكراو.