قەیرانی داڕمانی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار جارێکی سەریهەڵدایەوە، ئەوەش بەهۆی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر 14 بانکی عێراقی کە واشنتن پێیوایە هۆکارێکی گرنگن بۆ رۆیشتنی دۆلار بۆ ئێران، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق ناتوانێت ڕێگری لە دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار بکات و رۆژ لەدوای رۆژ بەهاکەی دادەبەزێت.
لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە نیازە هەفتەی داهاتو، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بانگهێشت بکات، بۆ ئەوەی هۆکارەکانی کۆنتڕۆڵنەکردنی نرخی دینار بەرامبەر بەدۆلار بزانێت، بەڵام پێناچێت ئەوە کێشەیەک چارەسەر بکات کە عێراق پێشتر لە ناوەڕاستی ڕوبەڕوبونەوەی ڕاگەیەندراوی نێوان واشنتن و تاراندا توشی بوە.
هەرجارێک وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕێوشوێن دەگرێتە بەر بۆ گەمارۆدانی ڕەوتی دارایی بۆ ئێران، عێراق خۆی لە دڵی قەیرانێکدا دەبینێتەوە بەهۆی بونی گومانی دەستکاریکردنی رێوشوێنەکان لەلایەن بانکە عێراقییەکانەوە کە پەیوەندی بە فرۆشتنی دۆلارەوە هەیە واتا (کڕینی دۆلار لە بانکی ناوەندی و فرۆشتنەوەی بە تاران لە دەرەوەی چوارچێوە یاساییەکان).
پێشتریش سنوردارکردنی ئەمریکا بۆ سەر بانکەکانی عێراق بەهەمان هۆکار بوەهۆی دروستبونی قەیران لە عێراق و سەرئەنجام هەزاران عێراقی لە شەقامەکاندا خۆپیشاندانیان کرد و سەرکۆنەی داڕمانی دینار و جوڵەنەکردنی حکومەتیان بۆ وەستاندنی لە هەرەسی زیاتری دینار کرد.
سەرچاوە عێراقییەکان رایانگەیاند، نرخی دۆلار بەرامبەر بەدیناری عێراقی لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی خێرا بەرزبوەوە و 100 دۆلار گەیشتوەتە 151 هەزار و 500 دینار، ئەوەش دوای ئەوەی واشنتن سزای بەسەر 14 بانکی عێراقیدا سەپاند.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکردوە، “حکومەت هەوڵیداوە بە کەمکردنەوەی نرخی دۆلار لە 145 هەزار دینارەوە بۆ 130 هەزار دینار نرخەکەی بەرامبەر بەدینار کۆنتڕۆڵ بکات، هەروەها توانی حەواڵە بۆ ئەو وڵاتانە دابین بکات کە کەلوپەلیان لێوە دەهێنرێتە عێراقەوە”.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتی تریش هەن بازرگانانی عێراق کەلوپەلی لێوە هاوردە دەکەن، سزاکانی ئەمریکاش ڕێگری لە ناردنی حەواڵە دەکەن، ئەوەش ناچاریان دەکات دۆلار لە بازاڕی رەشدا وەربگرن، ئەوەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار بە بەرزی بمێنێتەوە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی وتیشی، لیژنەکەیان لە ماوەی هەفتەی داهاتودا میوانداری پارێزگاری بانکی ناوەندی و وەزیری دارایی دەکات بۆ ئەوەی هۆکارە ڕاستەقینەکانی نەتوانینی کۆنتڕۆڵکردنی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار بزانن.
ناوبراو هۆکاری کۆنتڕۆڵنەکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی هاوتەریبی بۆ ئەو ڕێوشوێنە سزایانەی ئەمریکا گەڕاندەوە، کە کاریگەری لەسەر 14 بانکی ئەهلی هەبوە، دەڵێت، “ئەو سزایانەی ئەمریکا بەسەر وڵاتانی وەک عێراق، سوریا، ئێران، لوبنان و تەنانەت بەسەر هەندێک کۆمپانیای تورکیاشدا سەپاندویەتی، دەبێتە هۆی زیادبونی خواستی بازاڕی ڕەش لەسەر دۆلار”.
ڕێوشوێنە سزاییەکانی ئەمریکا ڕێگری لەو بانکانە دەکات کە مامەڵە بە دۆلار ئەنجامبدەن لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی هەمەلایەنەی گواستنەوەی دراوی ئەمریکا بۆ ئێران.
تاران پێشتر واشنتنی بە “پیلانگێڕ”ی لە دژی عێراق تۆمەتبار کردبو و بە بەرپرسیار زانی لە قەیرانی داڕمانی دیناری عێراقی لە بەرامبەر بەرزبونەوەی نرخی دۆلار، قەیرانێک کە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لێکەوتەوە کە میلیشیا شیعەکانی دڵسۆز بۆ تاران تێیدا بەشدار بون.
مانگی (تشرینی دوەم/11)ی ساڵی رابردو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رێگری لە چوار بانکی دیکەی عێراقی کرد کە دەستیان بە دۆلار بگات و بە هاوبەشی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق کۆنتڕۆڵی توندتری لەسەر گواستنەوەی دارایی لەو وڵاتە بە گشتی سەپاند.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە رایگەیاندوە، “هۆکارێکی بەهێزمان هەیە بۆ ئەوەی گومان بکەین کە بەشێک لەو هەوڵانەی سپیکردنەوەی پارە ڕەنگە سودمەندبن بۆ ئەو کەسانەی کە سزاکانی ئەمریکا دەیانگرێتەوە، یان بۆ ئەو کەسانەی کە دەکرێت سزاکان بیانگرێتەوە، بە دڵنیاییەوە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە”.