قەدەغەی بەرهەمەكان دەستی پێ‌ كرد

حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوامە لە پاڵپشتیكردنی جووتیاران و ساڵانە بۆ پاڵپشتیی بەرهەمی ناوخۆی، بەرهەمی وڵاتانی تر و هاوردەكردنیان قەدەغە دەكرێت.

هەرێمی كوردستان لە مانگی ئایارەوە، بەرهەمی ناوخۆیی پێ‌ دەگات و چەندان بەرهەمی هەیە كە خۆبژێوی تێپەڕاندووە و هەناردەش دەكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی ئایار، هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر، راگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە پاڵپشتی جووتیارانی هەرێمی كوردستان و كاتێك بەرهەمی ناوخۆ پێدەگات، قەدەغەی هاوردە دەكرێ یان باجێكی زۆری دەخرێتـە سەر.

ڕاشیگەیاند، بۆ پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆ، باجێكی زۆر دەخرێتە سەر بەرهەمێك ئەگەر هاوردەش بكرێت، ئەوەیش وا دەكات بەرهەمی ناوخۆ نرخێكی باش بكات و جووتیار زیان نەكات، ئەوەش دەبێتە پاڵپشتییەك بۆ بەرهەمە ناوخۆییەكان.

باسی لەوەش كرد، بۆ هەر بەرهەمێكی ناوخۆ كاتێك پێدەگات، بەرهەمی هاوردە قەدەغە دەكرێت، بۆ نموونە لە یەكی حوزەیران بەرهەمی شووتی پێ‌ دەگات و هاوردە قەدەغە دەكرێت.

بەپێی بڕیارێك كە لە ئێستەوە دەستی پێ‌ كردووە، قەدەغەی هاوردەكردنی خەیار دەستی پێ‌ كردووە و تا مانگی 12ـی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، یان باجێكی زۆری دەخرێتە سەر.

هەرێمی كوردستان لە بەرهەمهێنانی زۆر لە بەرهەمەكان، توانای دابینكردنی بەرهەمی ناوخۆیی هەیە، حكوومەت لە پاڵپشتیی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ جووتیاران، ئەمساڵ چەندان سایلۆی دروست كردووە و بە دەیان شێوە هاوكاریی جووتیاران كراوە.