لە میانەی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی یۆنان قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، پێشوازی لە وەبەرهێنەرانی بیانی دەکەن بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵیدا.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری دێلفی لە وڵاتی یۆنان لەگەڵ سانۆس دۆکۆس راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و پێکەوە تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگیان کرد لەوانە پرسی تیرۆر و کێشەی خۆراک.
لە کۆبوونەوەکەدا اسی کێشەی تیرۆر و گروپە توندڕەوەکان و چۆنییەتی ریشەکێش کردنی ئەو گروپانە کرا و هەردوولا هاوڕابوون کە دۆخی خراپی ئابووری و لاوازی سیستمی حکومڕانی زەمینە بۆ گەشەکردنی ئەم گروپانە خۆش دەکەن و بۆ ریشەکێشکردنی ئەم گروپانەش پێویستە نەک تەنها لەڕووی ئەمنییەوە بەڵکو لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە هاوکاری و پلانی نێودەوڵەتی هەبێت.
لە بەشێكی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی کێشەی خۆراک کرا کە بە تایبەتیش لە ماوەی رابردوودا بەهۆی کاریگەری شەڕی رووسیا و ئۆکرایناوە ئەم کێشەیە قوڵتر بووەتەوە، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی باسی لە پێویستیی گرنگیدانی زیاتری کرد بە کەرتی کشتوکاڵ و رایگەیاند:” هەرێمی کوردستان وڵاتێکی کشتوکاڵییە و دەتوانێت ببێتە سەبەتەی خۆراکی وڵاتانی ناوچەکە و بۆ ئەمەش پێشوازی لە وەبەرهێنەرانی بیانی دەکەین بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا”.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی یۆنان کرا و بە تایبەتیش هەردوولا جەختیان کردەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.