قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەگەڵ پاناگیوتیس پیكرامینۆس، جێگری سەرۆك وەزیرانی یۆنان كۆبووەوە و پێكەوە تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوریی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەیان كرد.
كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ هەینی و لەپەراوێزی كۆڕبەندی ساڵانەی ئابوریی دیڵفی لە یۆنان بەڕێوەچوو، باس لە دواپێشهات و گۆڕانكارییە ئابوری و سیاسییەكان لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە كران.
جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم، بە هاوتا یۆنانییەكەی راگەیاند، كارەكانی ئەم كۆڕبەندە لەكاتێكدایە كە ركابەرییە جیهانییەكان لەسەر ئاستی ئابوری و سیاسی بەرەو زیادبوون دەچێت، بۆیە ئەم كۆڕبەندە وەكو پێویستییەك كاریگەری زۆرباشی دەبێت بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی گرفتە هەنووكەییەكان.
لەتەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی چۆنییەتی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتی یۆنان كرا و جەختكرایەوە لەسەر پێویستیی سوود وەرگرتنی هەرێم لە ئەزموونی پێشكەوتووی یۆنان لە بوارە جیاجیاكان و هەنگاوەكانی چاكسازی لە سیستمی حكومڕانیدا.